رووسیا: لەبەرامبەر دەرکردنی دیپلۆماتکارەکانمان بێدەنگ نابین
وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا بەڵێنی دا وەڵامی هەڵویستی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئەو 14 دەوڵەتەی ڕێکخراوی یەکێتی ئەوروپا بداتەوە، کە دەیان دیپلۆماتکاری ڕوسیایان لە وڵاتەکەیان دەرکرد، لەسەر دۆسیەی ژەهراویکردنی سیخوڕێکی پێشووی ڕوسیا و کچەکەی لە بەریتانیا.
لە بەیاننامەیەکدا وەزارەتی دەرەوەی روسیا ڕایگەیاند، نیگەرانی و ناڕەزایی توندی خۆیان دەردەبڕن سەبارەت بەو بڕیارەی کە ژمارەیەک لە دەوڵەتانی ڕێکخراوی یەکێتی ئەوروپا دایان بۆ دوورخستنەوە و دەرکردنی دیپلۆماتکارە ڕوسەکان لە وڵاتەکانیان.
لە بەیاننامەکەدا هاتووە ئەو هەنگاوانە مایەی بێزاری و توڕەییە و بێهەڵوێست نابین و وەڵامی دەدەینەوە.
ڕوسیا ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەو هەنگاوە زیان دەگەیەنێت بە زانین و ناسینەوەی لایەنی تاوانبار لە هێرشکردنە سەر سێرگی سکریبال و کچەکەی لە شاری سالزبری بەریتانیا.
هاوکات ڕوسیا ئەو هەنگاوەی ئەو 14 دەوڵەتەی ئەوروپای بە "ماستاوکردن" بۆ دەسەڵاتدارانی بەریتانیا ناوبرد، چونکە هیچ وردەکارییەکیان لەسەر ڕووداوەکە نەکردووە، و ئاماژەشی بەوە کردووە کە ئەو هەنگاوانە دەچنە چوارچێوەی ڕووبەڕووبوونەوە بە ئامانجی ئالۆزکردنی دۆخەکە.
ڕوسیا ئەوەشی خستووەتەڕوو، دەسەڵاتدارانی بەریتانی تۆمەتی بێ بنەمایان ئاراستەی مۆسکۆ کردووە.