روسیا خستنەخوارەوەی فڕۆكهیهكی بێفڕۆکەوانی ئۆکرانیای لە نزیک بنکەی ئاسمانی ئەنگڵس راگهیاند
پەیامی کورد... روسیا خستنەخوارەوەی فڕۆكهیهكی بێفڕۆکەوانی ئۆکرانیای لە نزیک بنکەی ئاسمانی ئەنگڵس راگهیاند
میدیاكانی روسیا بڵاویانکردەوە، هێزەکانی بەرگری ئاسمانی ڕوسیا فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی ئۆکرانییان خستەخوارەوە لەکاتی نزیکبونەوەی له بنکەیەکی ئاسمانی لە باشوری روسیا و بەهۆی کەوتنە خوارەوەی پاشماوهكانییهوه سێ کەس کوژران.
لەمبارەیەوە ئاژانسی هەواڵی تاس بەپشت بهستن به وەزارەتی بەرگری روسیا رایگەیاند: "بهره بهیانی ئەمڕۆ دووشەممە 26ـی کانونی یەکەمی 2022، فڕۆکەیەکی بێفڕۆكهوانی ئۆکرانی لە بەرزایییەکی نزمدا لەکاتی نزیکبونەوەی لە فڕۆکەخانەی سەربازی ئەنگڵس لە ناوچەی ساراتۆڤ خراوەتە خوارەوە".
ئاماژە بەوەشكراوە: لە ئەنجامی کەوتنە خوارەوەی داروپەردوی فڕۆکەکەدا، سێ سەربازی ڕوسی کە لە فڕۆکەخانە بوون بە سهختی برینداربوون و گیانیان لە دەستداوە.
میدیاکانی ئۆکرانیا و ڕوسیا باسیشیان لە ئەوەکرد ، کە دەنگی تەقینەوەکان لە بنکەی هێزی ئاسمانی ئەنگڵس بیستراوە، کە دەکەوێتە سەدان کیلۆمەتر لە هێڵی پێشەوەی ئۆکرانیا.
ئەو بنکە ئاسمانییە دەکەوێتە نزیک شاری ساراتۆڤ و نزیکەی 730 کیلۆمهتر لە باشوری ڕۆژهەڵاتی مۆسکۆوە دورە، پێشتریش روسیا باسی له ئەوهكردبوو، كه ئۆكرانیا به فڕۆکە بێفڕۆکەوانی كردووهته سهر دوو بنکەی ئاسمانی ڕوسیا.
هاوكات شرۆڤەکاران ڕایانگەیاند: "ئەو هێرشە گورزێکی گەورهی لە ناوبانگی مۆسکۆ داوە، هەروەها پرسیاری دروستکردووە سەبارەت بەوەی بۆچی بەرگرییەکانی شکستیهێناوە لەکاتێکدا سەرنجی گۆڕاوە بۆ بەکارهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە شەڕی نێوان هەردوو وڵاتی دراوسێدا".
هەروەها ئۆکرانیا بە ئاشکرا بەرپرسیارێتی هێرشەکانی ناو ڕوسیای لە ئەستۆ نەگرتووە، بەڵام ڕایگەیاند: "کە ئەو جۆرە ڕوداوانە دەرئەنجامی ئەخلاقی لەشکرکێشییەکەی روسیایە.