سەبارەت بە ڕۆژئاوای کوردستان ڕووسیا بڕیارێکی گرینگ دەردەکات
پەیامی کورد ... سەبارەت بە ڕۆژئاوای کوردستان ڕووسیا بڕیارێکی گرینگ دەردەکات .
ئەنجوومەنی سووریای دیموکرات ئاشكرای دهكات، ڕووسیا بەفیدراڵیزمی سووریا ڕازی بوە، بهرپرسێكى ڕۆژئاواى كوردستانیش دهڵێت:"ڕووسیا پشتگیری جێگیرکردنی سیستەمی فیدراڵی لە سووریا دەکاتو لەناو ئەو پڕۆژەیەی ڕووسیا بۆ دەستووری ئایندەی سووریا پێشکەشیکردوە، سیستەمی فیدراڵی تێدا جێگیرکراوە".
ڕیاز دەڕڕار هاوسەرۆکی ئەنجوومەنی سووریای دیموکرات لەلێدوانێکی ڕۆژنامەوانیو سەبارەت بەو پرسیارەی ئایا ڕووسیا دان بەستاتۆی ڕۆژئاوای کوردستاندا دەنێت وتوویەتی:"پێشتر ڕووسیا پڕۆژەی فیدراڵی سووریای پێشکەشکردوەو نووسینگەیەکیشی بۆ "خۆبەڕێوبەری ڕۆژئاوای کوردستان" لە مۆسکۆ کردۆتەوە".
وتوویەتی:"لە دەستوورە پێشکەشکراوەکەی ڕووسیادا ژووری ناوچەکانی تێدایە کە بەمانای ئیدارەی خۆجەیی دێتو بەپێی ئەوە بەشێک لە دەسەڵاتەکان لەسەرۆکایەتی و حکوومەتی سووریا لە بەرژەوەندی ئیدارەکان وەردەگیرێتەوە".
دەڕڕار لەبەشێکی تری قسەکانیدا ووتى:"ڕووسیا پشتگیری ڕژێمی سووریا دەکاتو جڵەوەکەشی بەدەستی خۆیەوەیهتى، بۆیە دەتوانێت ناچاری بکات بێتەسەر مێزی دانووستان و بەشێوەیەک لەشێوەکانی نا ناوەندیەیی ڕازی بکات، جا لەژێر هەر ناوێک دابێت".
دهشڵێت:"ئیدارەی ئەمریکاش بۆ چارەسەرکردنی پرسی سووریا، لەو دیدگایەی ڕووسەکان نزیکە".
سەبارەت بەو پرسیارەی ئایا ڕووسیا دەتوانێت ڕێککەوتنێکی دیاریکراو لەنێوان ئیدارەی خۆسەرو ڕژێمی دیمەشق درووستبکات کە بەلای هەردوو لاوە قبووڵ کراوبێت، دەڕڕار وتوویەتی:"ڕووسیا دەتوانێت ڕژێمی دیمەشق ناچار بەدانووستانی جیددی لەگەڵ ئیدارەی خۆسەر بکات".
هاوسەرۆکی ئەنجوومەنی سووریای دیموکرات داوای لەهەریەک لەواشنتۆنو مۆسکۆ کردوە لەبارەی چارەسەری ئاشتیانەی پرسی سووریا بگەنە لەیەک تێگەیشتن، بەشێوەیەک ئیدارەی خۆسەر بەشێک بێت لەو لەیەک تێگەیشتنانە.
ئاماژەی بەوەشکردوە، ئەو جۆرە لەیەک تێگەیشتنانە لەنێوان ڕووسیاو ئەمریکا لەم دواییە لەڕێگای ڕێککەوتنی دەروازەکانو ئیدارەدانی دۆسیەی شاری دەرعا، خەریکە درووست دەبێت.