سەرۆککۆماری ئێسرائیل ناتانیاهوو ی بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەت ڕاسپارد
پەیامی کورد ... سەرۆککۆماری ئیسرائیل بنیامین ناتانیاهو-ی ڕاسپراد بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەت.
دوا بە دوا هەڵبژاردنە گشتییەکانی ئیسرائیل کە تێیدا پارتەکەی بنیامین ناتانیاهو توانی یەکەم بێت، ڕۆڤین ریڤلین، سەرۆککۆماری ئەو ووڵاتە ناتانیاهوی ڕاسپارد بۆ پێکهێنانی کابینەی هاوپەیمانی نوێی حکوومەت. شایەنی باسە ریڤلین لە ڕۆژئاوای قودس لە ئۆفیسی سەرۆکایەتی پێشوازی لە ناتانیاهو کرد.
لەلایەکی دیکەوە لە ٩ی نیسان هەڵبژاردنی گشتی لەو ووڵاتە بەرێوەچوو و هیچ کام لە پارتەکان نەیانتوانی ٦١ کورسی بەدەست بهێنێت کە کۆی گشتی ئەنجوومەنی ئیسرائیل لە ١٢٠ کورسی پێکهاتووە. رۆژێک بەر لە ئێستا ریڤلین پێشوازی لە پارت و لایەنە سیاسییەکانی کرد کە توانیویانە کورسی بەدەست بهێنن.
پارتی لیکوود-ی ناتانیاهو لە هەڵبژاردنەکاندا توانی ٣٥ کورسی بەدەست بهێنێت بەڵام ئەمە بەس نییە بۆ پێکهینانی کابینەی نوێ و زۆربەی هەرە زۆری پارتە ڕاسترەوەکان پشتگیری لە ناوبراو دەکەن. گەر هیچ ئاستەنگییەک لە دیدارەکاندا روونەدات، ناتانیاهو بۆ پێنجەمین جار دەبێتەوە سەرۆکوەزیران کە لە ساڵی ٢٠٠٩وە بەبێ دابڕان ئەو پۆستە بەڕێوەدەبات.
بەپێی دەستووری ئەو ووڵاتە، کاتێک کەسیک بۆ پێکهێنانی حکوومەت ڕادەسپێردرێت، پێویستە بۆ ماوەی ٢٨ رۆژ کابینەکەی خۆی پێکبهێنێت، لە کاتی پێویستیش دەتوانێت ٢ هەفتە مۆڵەت لە سەرۆکایەتی کۆمار وەرگرێت، بە پێچەوانەوە کەسێکی دیکە بۆ ئەو ئەرکە ڕادەسپێردرێت. گەر ئەویش بەهەمانشێوە نەیتوانی، ئەوا هەڵبژاردن دووبارە دەکرێتەوە.