Cîhan
سەرۆکی ئەمریکا بانگهێشتی پوتین دەکات بۆ کۆشکی سپی
وەزیری دەرەوەی ڕووسیا ئاشکرای دەکات، سەرۆکی ئەمریکا بۆ سەردانی کۆشکی سپی، بانگهێشتی سەرۆکی ڕووسیای کردووە.
سێرگەی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی ڕووسیا، ئەمڕۆ هەینی ٢٠ی ئەپریل، لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند: دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمریکا لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا بە فەرمی بانگهێشتی ڤلادیمیر پوتینی کردووە، کە تاکوو لە کۆشکی سپی کۆببنەوە.
وەزیری دەرەوەی ڕووسیا گوتیشی “ئەمریکا ئەو ناوچانەی سووریای بەزاندووە، کە لە لایەن مۆسکۆوە وەک هێڵی سوور-ی دیاریکراون، ئەمەش دوای ئەوە بوو، کە ئەمریکا هێرشی ئاسمانی کردە سەر ئەو ناوچانە”.
سەرۆکی دەزگای دیپلۆماسی ڕووسیا، سەبارەت بە فرۆشتنی سیستەمی بەرگری موشەکی ئێس-٣٠٠ بە سووریا گوتی، دوای هێڕشەکەی ئەمریکا و هاوپەیمانانی بۆ سەر سووریا، دەستمان کراوەیە، تاکوو سیستەمی پێشکەوتووی دژەموشەکی ئێس٣٠٠ ڕادەستی دیمەشق بکەین.