سەرۆکوەزیرانی ئیسپانیا بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە عێراق
پەیامی کورد... سەرۆکوەزیرانی ئیسپانیا بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە عێراق
پێدرۆ سانچێز سەرۆکوەزیرانی ئیسپانیا بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە عێراق و چاوەڕوان دەکرێت دوای دیدارە فەرمییەکان، هێزەکانی وڵاتەکەشی بەسەر بکاتەوە.
بە پێی ڕاگەیەندراوێکی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق کە لە هەژماری کۆمەڵایەتی X بڵاو کراوەتەوە، سەرۆکوەزیرانی ئیسپانیا پێدرۆ سانچێز شەوی ڕابردوو بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە بەغدای پایتەختی عێراق.
بە پێی ئەو ڕاگەیەندراوە، ئەمڕۆ پێنجشەممە لە ڕێوڕەسمێکی فەرمیدا پێشوازی لە سەرۆکوەزیرانی ئیسپانیا دەکرێت و بڕیارە لە کۆشکی حکوومەت لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق محەمەد شیاع سوودانی کۆببێتەوە.
ئیسپانیا بەشدارە لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش و هەروها هێزەکانی ئەو وڵاتە لە عێراق لە چوارچێوەی ئەرکەکانی ناتۆش ئەرکیان پێ سپێردراوە.
چاوەڕوان دەکرێت، لەم سەردانەیدا، پێدرۆ سانچێز هاوکات لەگەڵ دیدارە فەرمییەکان، هێزەکانی وڵاتەکەشی بەسەر بکاتەوە.