TR KU SO
FB X
Cîhan

سودانی: پاساوەکانی ئێران بۆ هێرشەکانی سه‌ر خاكی عێراق رەتکراوەن

Navas Jan
Admin
📅 08 Şubat 2024 15:24

پەیامی کورد... سودانی: پاساوەکانی ئێران بۆ هێرشەکانی سه‌ر خاكی عێراق رەتکراوەن

محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، دەستدرێژی وڵاتانی دراوسێ لە ژێر هەر پاساوێک بێت، بۆ هێرشکردنە سەر خاکی عێراق رەتکراوەیەو ئەمەشیان بە راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی ئێران راگەیاندووە، ئەگەر هەر نیگەرانیی و ترسێکیان هەبێت، دەکرێت لە رێگەی لیژنەی هاوبەشی ئەمنییەوە چارەسەر بکرێن.

سودانی لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا لەگەڵ کەناڵی ئەلعەرەبییە لەبارەی هێرشە مووشەکییەکانی ئێران رایگه‌یاند، لەم دوایانەدا بە چەند پاساوێک لەلایەن وڵاتانی دراوسێوە هێرشکراوەتە سەر عێراق، بەڵام پاساوەکان هەر چییەک بن رەتکراوەن، چونکە جێبەجێکردنی یاسا لە خاکی عێراقدا، بەگوێرەی دەستوور و یاسا و داب و نەریتە نێودەوڵەتییەکان، ئەرک و دەسەڵاتی حکومەتی عێراقە، بۆیە هیچ وڵاتێک بۆی نییە تاکلایەنە رەفتارو کردەوەی هەبێت، سازش لەگەڵ هیچ وڵاتێک ناکەین ئەگەر پەیوەندییەکانیشمان لە سەر ئاستی سەروەریی و ئاسایشی عێراقەوە بێت، ئەمە جێگیرو نەگۆڕە.

سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق باسی له‌وه‌شكرد: "بە راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی ئێرانیمان راگەیاندووە، پەیوەندییەکانی عێراق و ئێران مێژووییە، بەڵام ئەمە رێگەخۆشکەر نییە بۆ ئەو هێرشەی کراوە، ئەگەر مەترسی یان گومانی ئەمنی هەیە، دەکرێت لە رێگەی دامەزراوە فەرمییەکانەوە چارەسەر بکرێت، چونکە لیژنەیەکی هاوبەشی ئەمنیمان هەیە و دەتوانرێت لە رێگەی ئەم لیژنەیەوە پرسەکان چارەسەر بکرێن".

ئەم قسانەی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە کاتێکدایە، کە 24 رۆژ بە سەر هێرشە مووشەکییە بالیستییەکانی سوپای پاسدارانی ئێران تێدەپەڕێت، کە بە پاساوی بە ئامانجگرتنی بنکەیەکی مۆسادی ئیسرائیل، شەوی 15ی کانوونی دووەمی 2024 بە ژمارەیەک مووشەک ماڵی پێشڕەو دزەیی، گەورە بازرگانی هەرێمی کوردستانی لە هەولێر کردە ئامانج، بەهۆیەوە چوار کەس گیانیان له‌ ده‌ستدا، کە یەكێکیان کچێکی تەمەن 11 مانگی بوو، هەروەها شەش کەسی دیکەش برینداربوون کە زۆرینەیان ئەندامانی خێزانەکەی پێشڕەو دزەیین.

Paylas: