سووپای عێراق و هێزە ئەمنییەکان ئۆپراسیۆنی سەربازییان دەستپێکرد
بەمەبەستی ڕاماڵینی چەکدارانی داعش لە بیابانی ڕوتبە، سووپای عێراق و هێزە ئەمنییەکان ئۆپراسیۆنی سەربازییان دەستپێکرد.
لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا عیماد دلێمی، قایمقامی قەزای ڕوتبە ڕایگەیاند کە ئەمرۆ هەینی هێزەکانی فیرقەی ٩ی سووپای عێراق و فەرماندەیی ئۆپراسیۆنی ئەنبار بەمەبەستی داماڵینی چەکدارانی داعش لە بیابانەکانی ڕوتبە-ی نزیک سنوور دەستپێکرد.
لە لێدوانەکەدا دلیـمی ئاماژەی بەوەدا کە بە قوڵایی ٥٠ کیلۆمەتر چوونەتە نێو بیابانی ڕوتبە و ڕاشیگەیاند کە ئەم ناوچەیە پێویستی بە ئۆپراسیۆنێکی فراوان هەیە.
لەلایەکی ترەوە قایمقامی قەزای ڕوتبە ئاشکرایکرد کە بەبێ بەشداری کردنی هێزەکانی دژەتیرۆر و فڕۆکە جەنگییەکان، ئۆپراسیۆنەکان ناگەنە مەبەست و ناوبراو ئاماژەی بەوەدا کە زانیارییان پێگەیشتووە و ئەنجامانی داعش لە ناوچەکەدا چاڵاکییان هەیە.
دلێمی وتووشیەتی "ناوچەکانی خۆرئاوای عێراق فراوانن و پێویستی بە هێزێکی سەربازی زەبەلاح هەیە کە لە ئێستادا ئەو هێزە بەردەست نابێت، بۆیە پێویستە ئەو بۆشاییە لە ڕێگەی هەلیکۆپتەری جەنگی و فڕۆکەوە پڕبکرێتەوە".