ئیسرائیل: فەلەستینییەکان ڕۆژنامەنووسەکەی ئەلجەزیرەیان کوشتووە
پەیامی کورد... ئیسرائیل: فەلەستینییەکان ڕۆژنامەنووسەکەی ئەلجەزیرەیان کوشتووە
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، ڕەتی کردەوە، سەربازانی وڵاتەکەی خانمە پەیامنێری ئەلجەزیرە، شیرین ئەبوو عاقلە-یان کوشتبێت و ڕایگەیاند: " پێ دەچێت چەکدارە فەلەستینییەکان بەرپرس بن لەو ڕووداوە."
نافتالی بێنێت، لە ڕاگەیەنراوێکدا کە نووسینگەکەی بڵاویکردووەتەوە، باس لە کوژرانی ڕۆژنامەنووس شیرین ئەبوو عاقلە دەکات کەلە بارگرژییەکانی ئەمڕۆی " جنین" دا بە فیشەک پێکراو گیانی لەدەستدا.
بێنێت ڕایگەیاند ''بەپێی ئەو زانیارییانەی کۆ مان کردووەتەوە، پێ دەچێت چەکدارە فەلەستینییەکان بەرپرس بن لە کوژرانی ڕۆژنامەنووسەکە کە لەو کاتەدا بەبێ جیاکاری تەقەیان دەکرد''.
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بە ئاماژەکردن بە چەند دیمەنێک کە بانگەشەی ئەوە دەکرێت لە جنین تۆمار کرابن ڕایگەیاند ''فەلەستینییەکانی جنین دیمەنێکیان تۆمار کردووە و شانازی دەکەن پێوە و دەڵێن 'سەربازێکمان پێکا، ئەوەتا کەوتووەتە سەر زەوی'، بەڵام هیچ سەربازێکی ئیسرائیل بریندار نەبووە. ئەوەش ئەگەری ئەوە زیاد دەکات کە ئەوەی تەقەی لەو ڕۆژنامەنووسە کرد تیرۆریستانی فەلەستینیین''.
نافتالی بێنێت ئاماژەی بە بەردەوامی ئۆپەراسیۆنەکانی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر کرد و ڕایگەیاند: " ''ئیسرائیل بانگەوازی ئاراستەی فەلەستینییەکان کرد بۆ بەڕێوەبردنی شیکاریی و لێکۆڵینەوەیەکی هاوبەشی پشتبەستوو بە هەموو بەڵگەکانی ئێستا بۆ گەیشتن بە ڕاستییەکان. تا ئێستا فەلەستینییەکان ئەو داواکارییە ڕەت دەکەنەوە. هێزەکانی سوپای ئیسرائیل بەردەوام دەبن لەسەر ئۆپەراسیۆنەکانی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر تا ئەو کاتەی شەپۆلی بکوژی تیرۆر کۆتایی پێ دەهێنن و ئاسایشی هاووڵاتییانی ئیسرائیل دابین دەکەن''.