TR KU SO
FB X
Cîhan

ئیسرائیل هێزە سەربازییەکانی خستە حاڵەتی ئامادەباشییەوە

Navas Jan
Admin
📅 13 Mart 2022 21:32

پەیامی کورد... ئیسرائیل هێزە سەربازییەکانی خستە حاڵەتی ئامادەباشییەوە

سوپای ئیسرائیل حاڵەتی ئامادەباشی لەنێو سیستەمی بەرگریی ئاسمانی و هێزە ئاسمانییەکان و هەواڵگری ڕاگەیاند، بەهۆی ئەگەری هەر وەڵامدانەوەیەکی ئێران بەرامبەر کوژرانی دوو کارمەندی سوپای پاسداران لە سووریا.

ئەمڕۆ یەک شەممە ١٣ ی ئاداری ٢٠٢٢ سایتی (ئیسرائیل هیوم) بڵاوی کردەوە، دەزگای ئاسایشی ئیسرائیل ئامادەکاری بۆ ئەگەری هێرشی جۆراوجۆر لە بژاردەکانی وەڵامدانەوەی ئێران دەکات، کە پێدەچێت هەڵدانی مووشەک بە ئاراستەی باکووری ئیسرائیل لەخۆبگرێت، لەگەڵ هێرش بۆسەر سنوور و تا هەڵدانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بە ئاراستەی ئیسرائیل.

ئەمڕۆ پەیوەندییە گشتییەکانی سوپای پاسدارانی ئێران لە ڕاگەیەندراوێکدا بەرپرسیارێتیی خۆی لە هێرشەکەی شەوی ڕابردووی هەولێر ڕاگەیاند و ئاماژەی بەوە کرد، بەدوای تاوانەکانی ئەم دوایەی ڕژێمی ئیسرائیل و ڕاگەیەندراوی پێشووی بەوەی تاوان و کارەکانی ئەو ڕژێمە بەبێ وەڵامدانەوە تێ ناپەڕێت، شەوی ڕابردوو ناوەندی ستراتیژیی پیلانگێڕییەکانی ئیسرائیل و شەڕ، بە مووشەکی بەهێزی سوپای پاسداران کرایە ئامانج.

ئەوەشی خستووەتە ڕوو، جارێکی دیکە هۆشداری دەدەینە ڕژێمی زایۆنیی تاوانبار کە لە دووبارەکردنەوەی هەر شەڕێک ڕووبەڕووی کاردانەوەی توند و یەکلاکەرەوە و وێرانکەر دەبێت.

شەوی ڕابردوو هێرشێکی مووشەکی بۆسەر چەند ناوچەیەک لە هەولێر ئەنجام درا، وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، ١٢ مووشەکی دوور مەودای بالیستی لە سنوورەکانی دەرەوەی عێراق، لە ڕۆژهەڵاتەوە ئاراستەی باڵەخانەی نوێی کونسوڵخانەی ئەمریکی لە هەولێر کران و ناوچە سڤیلنشینەکانی نزیک بارەگای کەناڵی کوردستان ٢٤ و دەوروبەری بەر هێرشەکە کەوتن.

Paylas: