تاڵیبان ١٥ کەسی تیر باران کرد
پەیامی کورد... تاڵیبان ١٥ کەسی تیر باران کرد
پاش تیربارانکردنی بە کۆمەڵی ١٥ هاووڵاتیی ئەفغانیی لە لایەن تاڵیبانەوە، ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی سەرەڕای هۆشداری بە گرووپی تاڵیبان، داوای لەو گرووپە کردووە کە ئیعدامە سەحراییەکانی خەڵکی مەدەنی لە ئەفغانستان بە خێراترین کات ڕابگرێت.
ڕۆژی دووشەممە ٦ی پووشپەڕی ١٤٠١ی هەتاوی، ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی، لە لاپەڕەی فەرمیی ئەو ڕێکخراوەیە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەر، سەبارەت بە ئیعدامە سەحراییەکانی گرووپی تاڵیبان لە هەرێمی بەڵخاب نووسی: ئەو ئیعدامە بە کۆمەڵ و لە خۆڕاییانەی گرووپی تاڵیبان کە خەڵکی مەدەنیی دادگای سەحرایی دەکات و ئێعدامیان دەکات زۆر بە جددی کۆمەڵگەی جیهانیی نیگەران کردووە و ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی داوا لە تاڵیبان دەکات کە زۆر بە خێرایی ئەو ئیعدامانە ڕابگرێت و چیدیکە زەربە لە خەڵکی ئاسایی و مەدەنیی ئەفغانستان نەدا.
لە بەشێکی دیکە لە بەیاننامەکەی ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەییدا هاتووە کە، دوو لای کێشەکە لە ئەفغانستان، بەتایبەتی تاڵیبان بەرپرسیارن کە لە هەموو کێشەکاندا یاساکانی شەڕ لەپێش چاو بگرن و زەربە لە خەڵکی مەدەنیی نەدەن.
جێگەی ئاماژەیە کە گرووپی تاڵیبان، ڕۆژی دووشەممە لە هەرێمی بەڵخاب ١٥ کەسی تیر باران کردووە کە فەرماندەیەکی پێشوو بەناوی موختار و بنەماڵەکەی و هەروەها ٨ سەرباز لە نێو ئەو کەسانەدان.