TR KU SO
FB X
Cîhan

تەقینەوەیەكی بەهێز لە شاری لیسته‌ری بەریتانیا روویدا

سارا
Yazar
📅 27 Şubat 2018 05:36

به‌رپرسانی ته‌ناهی ئاشكرایان كرد، ته‌قینه‌وه‌یه‌ك فرۆشگهایه‌ك و خانوویەکی له‌ شاری لیسته‌ری ناوه‌ڕاستی ئینگلته‌رای خاپوور كرد، به‌وهۆیه‌وه‌ شه‌ش كه‌س لایه‌نی كه‌م برینداربوون
پۆلیسی به‌ریتانیا ئاشكرای كرد، تا ئێستا هیچ ئاماژه‌یه‌ك نییه‌ كه‌ ئه‌و ته‌قینه‌وه‌یه‌ پێوه‌ندی به‌ تیرۆر و كرده‌وەیه‌كی تیرۆریستییەوە هەبێ و له‌لایه‌ن ڕێكخراوه‌ تیرۆریستییه‌كانه‌وه‌ ئه‌نجام درا بێت.
به‌ گوێره‌ی زانیارییەکان دوای ته‌قینه‌وه‌كه‌ دووكه‌ڵ و ئاگر ئاسمانی شوێنه‌كه‌ی داگیر کردووە و حاڵه‌تێكی ته‌واو نائاسایی له‌ شوێنه‌كه‌ دروست بووه‌ و هه‌مووان په‌شۆكاون.
پۆلیسی شاری لیسته‌ری به‌ریتانیا له‌ ڕاگه‌یه‌نراوێكدا ئاشكرای كرد، ته‌واوی فه‌رمانگه‌كانی فریاكه‌وتن و به‌هاناوه‌چوون گه‌یشتوونه‌ته‌ شوێنی ڕووداوه‌كه‌ و ڕێوشوێنی پێویستیان گرتووه‌ته‌به‌ر و تیمه‌كانی لێكۆلێنه‌وه‌یش به‌ چڕی ده‌ستیان كردووه‌ به‌ به‌ دواداچوون له‌سه‌ر چۆنیه‌تیی ڕووداوه‌كه‌ و ئه‌گه‌ری پێوه‌ندی بوونی به‌ تیرۆر، تا ئێستاش هیچ ئاماژه‌یه‌ك ده‌رنه‌كه‌وتووه‌.
نه‌خۆشخانه‌ی لۆكالی ناوچه‌كه‌ ئاشكرای كرد، دوو له‌ بریندارانی ته‌قینه‌وه‌كه‌ دۆخی ته‌ندروستیان تا ڕادەیەک مه‌ترسیداره‌، ئه‌وانه‌ی دیکە كه‌مترین مه‌ترسیان له‌سه‌ره‌ و كێشه‌یه‌كی ئه‌وتۆیان نییه‌.
ڕۆژنامه‌ی “لیسته‌ر میركوری” له‌ پێگه‌ی خۆی كۆمه‌ڵێك وێنه‌ی ساتی گڕگرتن و ڕزگاركردنی خه‌ڵك له‌ شوێنه‌كه‌ بڵاوكردووه‌ته‌وه‌ و یه‌كێك له‌ شایه‌تحاڵه‌كانیش به‌ ڕۆژنامه‌كه‌ی گوتووه‌، گوێمان له‌ ده‌نگێكی به‌رزی ته‌قینه‌وه‌ بوو، ساتێكی زۆر ترسناك بوو.
به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی ئاگركوژێنه‌وه‌ی ناوچه‌كه‌ ئاشكرای كرد، شه‌ش ئۆتۆمبێلی ئاگركوژێنه‌وه‌ ڕه‌وانه‌ی ناوچه‌كه‌ كراوه‌ و توانیویانه‌ به‌ ته‌واوی كۆنتڕۆڵی ئاگری ته‌قینه‌وه‌كه‌ بكه‌ن.

Paylas: