TR KU SO
FB X
Cîhan

تەندروستیی فەڵەستین: ژمارەی کوژراوانی کەرتی غەززە نزیک دەبێتەوە لە 24 هەزار کەس

Navas Jan
Admin
📅 13 Ocak 2024 16:20

پەیامی کورد... تەندروستیی فەڵەستین: ژمارەی کوژراوانی کەرتی غەززە نزیک دەبێتەوە لە 24 هەزار کەس


تەندروستیی فەڵەستین نوێترین ئاماری قوربانیانی هاوڵاتییانی کەرتی غەززەی ئاشکراکرد و رایگەیاند، ژمارەی قوربانیانی کەرتی غەززە گەیشتوەتە 23 هەزار و 708 کەس.

وەزارەتی تەندروستیی فەڵەستین لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاند، بەهۆی هێرش و بۆردوومانەکانی ئیسرائیل بۆسەر کەرتی غەززە و شارەکانی دیکەی فەڵەستین، 23 هەزار و 708 کەس کوژراون و زیاتر لە 60 هەزار کەسیش بریندار بوون.
بەپێی راگەیەندراوەکە، تەنها لە 24 کاتژمێری رابردوودا 151 هاوڵاتیی فەڵەستینی بەهۆی بۆردوومانەکانی ئیسرائیلەوە کوژراون و 248 کەسیش بریندار بوون.

تەندرووستی فەڵەستین پێشبینی دەکات ژمارەیەکی زۆر لە قوربانییەکان لەژێر داروپەردووی باڵەخانە رووخاوەکاندا مابێتنەوە و هێشتا رزگارنەکرابن.

دانیشتوانی کەرتی غەززە کە زیاتر لە 2 ملیۆن کەسە، بەشێکی زۆر لەوان بەهۆی شەڕ و پێکدادانەکانی نێوان سوپای ئیسرائیل و چەکدارانی کەرتی غەززە ناچاربوون ماڵەکانیان جێبێڵن، ئاژانسی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کارووباری فەڵەستینییەکان – ئۆنروا دەڵێت، “تا ئێستا نزیکەی %80 هاوڵاتییانی فەڵەستین ئاوارەبوون”.

لە یەکەم رۆژی دەستپێی هێرشەکانی حەماس بۆسەر ناوچەکانی باشووری ئیسرائیل و مووشەکبارانیکردنی ئەو وڵاتە، سوپای ئیسرائیل لەرێگەی راگەیاندنی ئۆپراسیۆنی ‘شمشێری ئاسنین”ەوە بەردەوام بانگەشەی ریشەکێشکردنی حەماس دەکات؛ بەپێی ئامارەکانی ئیسرائیل، تەنها لەو رۆژەدا چەکدارانی بزووتنەوەی حەماس 1400 ئیسرائیلی کوژران و 240 کەسیش بە بارمتەگیران.

 

Paylas: