تەندروستیی جیهانی: ڕاگرتنی گەشتەکان ڕێگری لە بڵاوبوونەوەی ئۆمیکرۆن ناکات
پەیامی کورد … تەندروستیی جیهانی: ڕاگرتنی گەشتەکان ڕێگری لە بڵاوبوونەوەی ئۆمیکرۆن ناکات
ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی ئامۆژگاری لەبارەی گەشتکردن بۆ ناوچە مەترسیدارەکانی بڵاوبوونەوەی ئۆمیکرۆن بڵاودەکاتەوە و داوا دەکات ئەو کەسانەی پێشتر تووشی کۆرۆنا نەبوون، ئەوانەی نەخۆشیی مەترسیداری دیکەیان هەیە و ئەوانەی تەمەنیان سەروو 60 ساڵە گەشتنەکەن بۆ ناوچەکانی بڵاوبوونەوەی چڕی ئۆمیکرۆن.
ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی ڕایگەیاندووە، “ڕاگرتن و قەدەغەی گشتیی گەشتکردن ناتوانێت ڕێگری لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی ئۆمیکرۆن بکات، بەڵکو قەدەغەی گشتی کەموکوڕی و تەنگژەی زیاتر بۆ ژیان و دۆخی وڵاتانی جیهان دروستدەکا”.
بەپێی ئەو ڕێنمایی و ئامۆژگارییانەی ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی بڵاویکردووەتەوە، ئەوانەی هەموو دۆزەکانی ڤاکسینیان وەرنەگرتووە، ئەوانەی هیچ بەڵگەیەک نییە کە تووشی ڤایرۆسی سارس-کۆڤ-2 بووبن و چاکبوونەتەوە، ئەو کەسانە کە زیاتر مەترسیی تووشبوون بە کۆرۆنا و شێوەی توند و مردنیان لەسەرە، هەروەها ئەو کەسانەی نەخۆشی مەترسیداریان هەیە و ئەوانەی تەمەنیان سەروو 60 ساڵە گەشت نەکەن بۆ ئەو وڵاتانەی بەبڵاوی ڤایرۆسی ئۆمیکرۆنیان تێدا بڵاوبووەتەوە و بەمەترسیدار دادەنرێن.
تاوەکو بەرواری 28ـی تشرینی دووەم 58 دەوڵەتی جیهان ڕێکارەکانی هەڵپەساردنی گەشتە ئاسمانییەکانیان بەمەبەستی ڕێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی گۆراوی ئۆمیکرۆن لە وڵاتەکانیان ڕاگەیاند.