تەندروستیی جیهانی: تووشبووانی ئاوڵەی مەیموون ٥٠ هەزار کەسی تێ پەڕاند
پەیامی کورد... تەندروستیی جیهانی: تووشبووانی ئاوڵەی مەیموون ٥٠ هەزار کەسی تێ پەڕاند
ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی ئامارێکی نوێی لەبارەی ڤایرۆسی ئاوڵەی مەیموون بڵاو کردەوە، بەگوێرەی ئامارەکە ژمارەی تووشبووان ٥٠ هەزار کەسی لە جیهاندا تێپەڕاندووە؛ ڕێکخراوەکە باسی لەوەش کردووە، ڕێژەی تووشبوون لەو بەشانەی ئەمریکا و ئەورووپا کە پێشووتر بەرزبوو، دابەزیوە.
ڕۆژی چوارشەممە ٣١-٩-٢٠٢٢، ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی ڕایگەیاند، ژمارەی ئەوانەی لە ٢٠٢٢ تووشی ئاوڵەی مەیموون بوون لە جیهاندا گەیشتووەتە ٥٠ هەزار و ٤٩٦ کەس. ئەمە لە کاتێکدایە، لە تەممووزی ئەمساڵدا ئەو ئاژانسەی نەتەوە یەکگرتووەکان ئاوڵەی مەیموونی وەکوو دۆخی لەناکاوی تەندروستیی جیهانی ناساند.
تێدرۆس ئەدهانۆم، سکرتێری گشتیی ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی دەڵێت، لە ئەمریکا و چەند وڵاتێکی دیکە ژمارەی تووشبووان ڕوو لە زیادبوون دەکەن، بەڵام دڵخۆشن بەوەی لە کەنەدا کەمبوونەوەی بەردەوامی ڕێژەی تووشبوونیان تۆمار کردووە.
ئەدهانۆم هاوکات ئاماژەی بەوەش کرد، لە ژمارەیەک وڵاتی ئەورووپاش وەکوو ئەڵمانیا و هۆڵەندا ڕێژەی تووشبوون بەراورد بە پێشووتر کەمبووەتەوە، ئەمەش کاریگەریی هۆشیارکردنەوەی خەڵکی لەبارەی نەخۆشییەکەوە سەلماندووە.
لە دەرەوەی کیشوەری ئەفریقا، زۆربەی ئەو تووشبووانەی ئاوڵەی مەیموون کە تۆمارکراون لە دوای مانگی ئایارەوە بوون. بەڕێوەبەری ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی دەڵێت، پێویستە ڕێکاری پێویستی سیاسی و تەندروستی بۆ ڕێگەگرتن لە نەخۆشییەکە بگیرێتە بەر.
پەتاکە زیاتر لە پیاوانی هاوڕەگەزخواز دەرکەوتووە و ماوەی نەخۆشییەکە دەکرێت ٥ بۆ ٢١ ڕۆژ بخایێنێت. هەندێک لە نیشانەکانیشی بریتین لە تا، سەرئێشە، هەڵاوسانی لیمفەرژێنەکان، سەرگێژ بوون، ئازاری ماسولکە، خووران، ئازاری پشت و لەرزلێهاتن.