یەکێتى ئەوروپا: پێمان سەیرە ڕژیمى ئێران دەروێشەکان بە هەڕەشەیەکى گەورە هەژمار دەکەن!
نوێنەرانى پەڕلەمانى ئەوروپا لە بەیاننامەیەکدا سەبارەت بە سەرکوتى بەربڵاوى دەروێشەکانى گۆنابادى و سنوورداریەتی و ڕێگەپێنەدانى دکتۆر نوورعەلى تابەندەى گەورەى دەروێشەکانى زنجیرەى نیعمەتوڵاى گۆنابادى و پەیڕەوانى، بۆ دەرچوون لە سنوورى ماڵەکەى، ڕووى قسەیان کردووەتە سەرۆککۆمارى ئێران حەسەن ڕۆحانى و سەردار حسێن ڕەحیمى بەڕێوەبەرى پۆلیسى تاران و داواى کۆتاییهێنان بەم توندوتیژییە بەرامبەر بە دەروێشەکان و ئازادى بێئەملاو ئەولاى زیندانییە عەقیدەییەکان کردووە.
ئەم ڕاگەیەندراوە کە وەک "بەیاننامە بۆ هەنگاوى خێرا" ناو براوە، ئاماژەى بە قسەکانى سەردار ڕەحیمى لە تەلەفزیۆنى میللى ئێران دەکات کە ووتبووى دەیانتوانى بە ئارپیجییەک هێرش بکەنە سەر دەروێشەکان و کێشەکان کۆتایی پێ بهێنن، و نووسیویانە "جێگاى سەرسووڕمانە کە ئێستا ڕێژیمى دەسەڵاتدار لە ئێران تەنانەت دەروێشە ئاشتی و ئارامیخوازەکان کە خەریکى دیندارى مەعنەوى خۆیانن، وەک هەڕەشەیەکى گەورە لەقەڵەم دەدات".