یەکێتیی ئەورووپا: "پشتگیریی لە گەڕانەوەی ئاوارەکانی سووریا دەکەین بەڵام بارودۆخ نەڕەخساوە"
پەیامی کورد... یەکێتیی ئەورووپا: "پشتگیریی لە گەڕانەوەی ئاوارەکانی سووریا دەکەین بەڵام بارودۆخ نەڕەخساوە"
یەکێتیی ئەورووپا ئاشکرای کرد، پشتگیریی لە گەڕانەوەی ئارەزوومەندانە، پارێزراو و ئابڕوومەندانەی سوورییەکان دەکەن.
لە پەیامێکدا کە لەلایەن نێردەی یەکێتیی ئەورووپا بۆ سووریا لەرێگەی هەژماری تویتەرەوە بڵاوکراوەتەوە، ئاماژە بەوە کراوە سەرۆکی نوێنەرایەتی یەکێتیی ئەورووپا لە سووریا، دان ستۆوێنێسکو لە دیمەشق لەگەڵ فلیپۆ گراندی کۆمیسیاری باڵای کاروباری پەنابەران سەربە نەتەوە یەکگرتووەکان کۆبووەتەوە.
لە پەیامەکەدا باس لەوە کراوە یەکێتیی ئەورووپا پشتیوانیی سەرجەم کارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لەبارەی پەنابەران دەکات بە گەڕانەوەی ئارەزوومەندانەشیانەوە و تێیدا هاتووە: "سەرجەم سوورییەکان مافی گەڕانەوەیان بۆ سەر ماڵ و حاڵیان هەیە بەڵام مەرجەکان بەدی نەهاتوون.
ئاماژەبەوەشکراوە، ئەوەی کە سەرەتا پێویستە ئەوەیە ڕەخساندنی بارودۆخە بە شێوەیەکی گونجاو لەگەڵ یاسا نێودەوڵەتییەکان و 'قەدەغەی ڕەوانەکردنەوە' بۆ گەڕانەوەی ئەو کەسانەی کە لەناو وڵاتدا دەربەدەر بوون، بە شێوەیەکی پارێزراو، ئارەزوومەندانە و ئابڕوومەندانە".