TR KU SO
FB X
Cîhan

زێلێنسکی: ڕووسیا هەوڵی شاردنەوی تەرمی ئەو هاوڵاتییە ئۆکراینیانە دەدات کە کوشتوونی

Navas Jan
Admin
📅 07 Nisan 2022 18:23

پەیامی کورد... زێلێنسکی: ڕووسیا هەوڵی شاردنەوی تەرمی ئەو هاوڵاتییە ئۆکراینیانە دەدات کە کوشتوونی

سەرۆکی ئۆکراینا، دەڵێت، دوای ڕووداوەکانی شاری بوچا، سوپای ڕووسیا تەکتیکی خۆی گۆڕیوە و لەو ناوچانەی داگیری کردوون هەوڵی لەناوبردنی بەڵگەکانی ئەنجامدانی تاوان دەکات.

ڤلۆدۆیمیر زێلێنسکی لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا، ئەوەی خستە ڕوو کە دوای ڕووداوەکانی شاری بوچا، هەڵوێستی جیهان بەرامبەر بە ڕووسیا گۆڕاوە.

سەرۆکی ئۆکراینا دەڵێت، سەربازانی ڕووسیا لەو ناوچانەی داگیریان کردووە هەوڵی لەناوبردنی بەڵگەکانی تاوان دەدەن و وتی: "دوای ڕووداوەکانی شاری بوچا، سوپای ڕووسیا تەکتیکی خۆی گۆڕیوە. زانیاری ئەوەمان هەیە کە سەربازانی ڕووسیا لەو ناوچانەی داگیریان کردوون هەوڵی پاککردنەوەی کۆڵان و ژێر زەمینەکان لە تەرمی ئۆکراینییەکان دەدەن، بەڵام ناتوانن لە بەرپرسیاریەتی ئەنجامدانی ئەم تاوانانە هەڵبێن، چونکە هەزاران هاووڵاتی وڵاتەکەمان بێسەروشوێنن".

ڤلۆدۆیمیر زێلێنسکی جەختی لەوەش کردەوە، هەوڵدەدەن لەڕێی لێکۆڵینەوەیەکی بێلایەنەوە تاوانەکانی ڕووسیا بخەنەڕوو، ئاماژەی بەوەش دا کە هەرچەندە وڵاتانی ڕۆژئاوا سزای قورسیان بەسەر ڕووسیادا سەپاندوە، بەڵام سزاکان وەک پێویست نەبوون.

سەرۆکی ئۆکراینا، ڤلۆدۆیمیر زێلێنسکی ئاماژەی بەوەش دا کە ڕووسیا لە ئێستادا، هێزی خۆی کۆ دەکاتەوە و ئامادەکاری بۆ دووبارە دەستپێکردنەوەی پەلامارەکانی دەکات و گوتیشی: "دەجەنگێین و ناکشێینەوە. تا کاتێک ڕووسیا بە جددی کار بۆ هێنانە کایەی ئاشتی نەکات، هەموو ڕێگایەک دەگرینە بەر بۆ بەرگریکردن لە خۆمان".

Paylas: