زانایەکی هەوا فەزای ئێران بە هۆکاری نادیار گیانی لەدەست داوە
پەیامی کورد... زانایەکی هەوا فەزای ئێران بە هۆکاری نادیار گیانی لەدەست داوە
ئاژانسی هەواڵی "عەرشە ئۆنلاین"، ڕایگەیاند، زانایەکی پیشەسازیی "هەوا فەزا"ی ئێران بەناوی "ئەیووب ئینتزاری" لە شاری یەزد گیانی لەدەست داوە.
لەو هەواڵەدا هاتووە، ئەیووب ئینتزاری، تەمەن ٣٥ ساڵ خوێندنی باڵای لە زانکۆی "شەریف"ی تاران تەواو کردبوو.
عەرشە ئۆنلاین ئەوەشی نووسیوە کە ئینتزاری لە "کۆمەڵگەی پیشەسازیی یەزد" سەرقاڵ بووە بە پرۆژەی بەرهەم هێنانی "مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان."
لە ڕاگەیەندراوی گیان لەدەستدانی ئەیووب ئینتزاریدا نووسراوە کە ناوبراو ڕۆژی ٩ی جۆزەردان گیانی لە دەست داوە.
تاوەکوو کاتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە هیچ کامە لە ناوەندە بەرپرسیارەکانی حکومەتی کۆماری ئیسلامی کاردانەوەیان بەرامبەر گیان لەدەستدانی ئەیووب ئینتزاری پیشان نەداوە.
هەندێک سەرچاوەی نافەرمی دەڵێن هۆکاری گیان لەدەستدانی ئەیووب ئینتزاری خواردنی "خۆراکی ژەهراوی" بووە.