زۆر تایبەت ... ڕۆژنامەی قەتەری : برێت مەکگۆرک و قاسم سلێمانی بۆ پێوەندییان لەگەڵ کورد لە پێشبڕکێدان
ڕۆژنامەیەکی قەتەری، بڵاوی کردووەتەوە، نێردەی سەرۆکی ئەمریکا بۆ لای ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش و فەرماندەی فەیلەقی قودسی ئێرانی، کێبڕکێیانە بۆ سەردانیکردنی کوردستان، ئاشکراشی دەکات، کە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەگەڵ لایەنە نزیکەکان لە ئێران، ھاوپەیمانی دەبەستێت.
ڕۆژنامەی (عەرەبی جەدید) لە ڕاپۆرتێکیدا لەبارەی گفتوگۆ و ھەوڵەکان بۆ پێکھێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی عێراق، بڵاویکردووەتەوە، کە: "بریت مەکگۆرک، نێردەی ئەمریکا بۆ لای ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بەداعش دوای زنجیرەیەک لە کۆبوونەوە و دیدار لەگەڵ سەرکردە عێراقییەکان بە سوننە و شیعەوە، ڕووی کردە ھەولێر".
ھاوکات قاسم سلێمانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی ئێرانی، کە سەرپەرشتیاری دۆسییەی عێراقە لە ئێران، چەند دیدار و کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ سەرکردەی لایەنە شیعەکان و سەرکردەکانی میلیشیای حەشدی شەعبی، ئەنجام داوە، ڕۆژنامە ئەلیکترۆنییەکە پێشبینیش دەکات، بەم نزیکانە، " سلێمانی " سەردانی شاری سلێمانی بکات و چاوی بەسەرکردەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بکەوێت.
ئەوەشی لەسەر زاری سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە بڵاوکردووەتەوە، کە ئێران لەڕێگەی قاسم سلێمانییەوە کاردەکات لەسەر یەکخستنەوەی ھەردوو باڵەکەی نێو حزبی دەعوە، (لیستی نەسڕ/ حەیدەر عەبادی) و (لیستی دەوڵەتی یاسا/ نووری مالیکی) و، پاشان لەگەڵ (لیستی فەتح)، کە لە گرووپەکانی میلیشیای حەشدی شەعبی بەسەرۆکایەیتی ھادی عامری پێکھاتووە و ھەروەھا (لیستی حیکمە) بەسەرۆکایەتی عەممار حەکیم، یەکیان دەخات.
ئاماژەی بەوەش داوە، کە دواتریش یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پەیوەندیی بەو ھاوپەیمانێتییەوە دەکات، بەوەش گەورەترین کوتلەی پەرلەمانی، پێک دەھێنن