زیاترلە40 فڕۆکەی سەربازی و هەشت کەشتی چینی سنووری تایوانیان دەبەزێنن
پەیامی کورد... زیاترلە40 فڕۆکەی سەربازی و هەشت کەشتی چینی سنووری تایوانیان دەبەزێنن
وەزارەتی بەرگری تایوان ڕایدەگەیەنێت 42فڕۆکەی سەربازی چینی و هەشت کەشتی، گەرووی تایوانیان بڕیوە، وە بەتوندی ئیدانەی ئەو کارەی چین دەکەین.
وەزارەتی بەرگری تایوان ئاشكرای دەكات: بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە، 42 فڕۆکەی سەربازی چینی و هەشت کەشتی، هێڵی ناوەڕاستی گەرووی تایوانیان بڕیوە.
ڕاشیگەیاند: ئیدانەی ئەو جۆرە رێوشوێنە ناعەقڵانییانە دەکەن، هەروەها بەرگری لە ئاسایشی وڵاتەکەیان دەکەن.
ڕوونیش كراوەتەوە: مەشقەکانی چین بریتی بوون لە هێرشی ئاسمانی ھاوشێوە بۆ سەر کەشتیەکان و شەڕی ئەلیکترۆنی، ھەروەھا مەشقی دژە ژێردەریایی.
لای خۆشیەوە سوپای چین ئەو مانۆڕانەی بە هۆشدارییەکی جددی بۆ جیاخوازان ناو برد، بەهۆی هاوپەیمانیان لەگەڵ هێزە دەرەکییەکان، وتوشیانە، مانۆڕەکان بۆ پاراستنی سەروەری نیشتمانی و یەکپارچەیی خاک پێویستە.
لەكاتێكدا فەرماندەیی مەیدانی رۆژهەڵاتی سوپای رزگاری گەلی چینی، لە راگەیەندراوێکدا ئەوەی خستەڕوو: چین دەوریەی ئامادە بۆ شەڕ ئەنجام دەدات و مانۆڕەکە وەک پلانی بۆ دانراوە، لە دەوروبەری گەرووی تایوان و لە باکوور و باشوور و رۆژهەڵات ئەنجام دەدات.
تسای ئینگ وێن رۆژی چوارشەممە لە لۆس ئەنجلۆس چاوی بە کیڤن مەکارتی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا کەوت، ئەمەش بووە هۆی تووڕەکردنی چین.