هێرشی درۆنی بۆ سەر بەندەری "ئەلفەحل"ی عوممان
PeyamaKurd - هێرشی درۆنی بۆ سەر بەندەری "ئەلفەحل"ی عوممان
ئاژانسی هەواڵی "ڕۆیتەرز" ڕایگەیاند کە پاش هێرشێکی گومانئاوی بە درۆن و ڕوودانی تەقینەوەیەک لە وێستگەی "مینا ئەلفەحل"ی عوممان، پرۆسەی بارکردنی نەوتی خاو بۆ ماوەیەک ڕاگیرا و "بلوومبێرگ" باسی لە دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی خاو لەو وێستگەیە و ئاسایی بوونەوەی دۆخەکەی کرد.
ئەم ڕووداوە لە کاتێک دایە کە چوار ڕۆژ لەمەوبەر، "واڵ ستریت ژۆرناڵ" بڵاوی کردەوە کە دۆناڵد ترامپ سیاسەتی بێلایەنانەی عومانی بەرامبەر بە ئێران وەک ڕەفتارێکی ناهاوتەریب لەقەڵەم داوە و واشینتۆن فشاری خستووەتە سەر مەسقەت تا پێوەندییەکانی لەگەڵ تاران دا ببڕێت.
عوممان هەمیشە سیاسەتی "بێ لایەنی چالاک" و ناوبژیوانی پەیڕەو کردووە و لە کاتی پەیوەندی ئەمنییەتی لەگەڵ ئەمریکادا، کەناڵە دیپلۆماسییەکانیشی لەگەڵ ئێران دا هێشتووەتەوە.
کۆماری ئیسلامی هێشتا هیچ کاردانەوەیەکی بەرامبەر بەم هێرشە درۆنییە نیشان نەداوە، بەرپرسانی عوممانیش تا ئێستا بە شێوەیەکی فەرمی لێدوانیان لەسەر هۆکاری ڕووداوەکە نەداوە و هیچ ووردەکارییەکی زیاتر بڵاو نەکراوەتەوە.