٣٠٠ کەسایەتی و ڕێکخراوی هەرێم داوای ڕاگرتنی هێرشەکانی ئێران دەکەن
PeyamaKurd - ٣٠٠ کەسایەتی و ڕێکخراوی هەرێم داوای ڕاگرتنی هێرشەکانی ئێران دەکەن
بەشێکی بەرچاو لە نووسەران، ڕۆشنبیران، مامۆستایانی زانکۆ و نوێنەری ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی لە هەرێمی کوردستان، لە هەڵوێستێکی هاوبەشدا دوو یاداشتی ناڕەزایەتییان ئاراستەی کونسووڵگەرییەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و کۆماری ئیسلامی ئێران کرد.
لە نامەیەکدا کە زیاتر لە ٣٠٠ کەسایەتی واژوویان کردووە، داواکراوە کە هێرشە مووشەکی و دڕۆنییەکان بۆ سەر خاکی هەرێم دەست بەجێ ڕابگیرێن و هاووڵاتیانی مەدەنی چیتر نەکرێنە قوربانی ململانێ نێودەوڵەتییەکان.
لەو نامەیەدا کە بۆ کونسووڵگەری ئەمریکا نێردراوە، ڕەخنەی تووند لە هەڵوێستی "تەماشاکار گرتنی" واشینتۆن گیراوە و ئاماژە بەوە کراوە کە لە ماوەی ٥٥ ڕۆژی ڕابردوودا، هەرێمی کوردستان ڕووبەڕووی ٧٥٠ هێرشی جۆراوجۆر بووەتەوە.
واژووکاران جەخت دەکەنەوە کە ئەمریکا بەرپرسیارە لە پاراستنی ئەمنییەتی هەرێم، بەتایبەت کە زۆربەی هێرشەکان بە بیانووی هەبوونی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا ئەنجام دەدرێن. هەروەها داوا کراوە کە پرسی ڕاگرتنی هێرشەکان بۆ سەر هەرێم بکرێتە مەرجێکی سەرەکی لە هەر جۆرە دانوستان و ئاگربەستێک دا لەگەڵ لایەنی ئێرانی.
هاوکات لە پەیامێکی هاوشێوەدا بۆ کونسووڵگەری ڕێژیمی ئێران، ئەو کەسایەتییانە نیگەرانی قووڵی خۆیان دەربڕیوە کە وێڕای پاراستنی بێ لایەنی هەرێم و ڕەچاوکردنی بنەماکانی دراوسێیەتی، بەڵام تاران و گرووپە چەکدارەکانی بەردەوامن لە بە ئامانجگرتنی فڕۆکەخانەکان، ژێرخانی ئابووری و ناوچە نیشتەجێ بووەکان.
لە نامەکەدا وێڕای ئاماژەدان بە شەهیدبوونی دەیان هاووڵاتی، پرسیار لە تاران کراوە کە بۆچی لە کاتی ئاگربەست دا هێرش بۆ سەر ووڵاتانی کەندئاو و ئیسرائیل وەستاوە، بەڵام هەرێمی کوردستان هێشتا لەژێر بۆردومان دایە؟
لە کۆتایی دا، داوا لە کۆماری ئیسلامی ئێران کراوە کە ڕێز لە سەروەری خاکی هەرێمی کوردستان بگرێت. واژووکارانی نامەکە جەختیان کردووەتەوە کە خەڵکی کوردستان شایستەی ژیانێکی ئارامن و پێویستە پرۆسەی خوێندن، کاسبی و گوزەرانی خەڵک لە مەترسی موشەک و دڕۆنەکان بپارێزرێت.