سەرۆکی ھەرێمی کوردستان پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لە وەزیری دەرەوەی بەریتانیاوە پێگەیشت
PeyamaKurd - سەرۆکی ھەرێمی کوردستان پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لە وەزیری دەرەوەی بەریتانیاوە پێگەیشت
یەکشەممە ٢٠٢٦/٣/٢٩ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لە ئیڤێت کووپەر، وەزیری دەرەوەی بەریتانیاوە پێگەیشت.
لە پەیوەندییەکەدا، خاتوو کووپەر بە تووندی ھێرشەکانی سەر ھەرێمی کوردستان و ھێرشە درۆنییەکەی دوێنێی سەر ماڵی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی؛ لە دھۆک سەرکۆنە کرد، ھەروەھا ھاوخەمی و ھاوسۆزی خۆی بۆ بەڕێزیان و خانەوادەی ئەو پێشمەرگە قارەمانانە دەربڕی کە لە ھێرشەکانی ئەم دوایی یەی سەر ھەرێمی کوردستان دا شەھید و بریندار بوون.
وەزیری دەرەوەی بەریتانیا ھەروەھا جەختیشی کردەوە کە ووڵاتەکەی بە بایەخێکی زۆرەوە لە ئارامی و سەقامگیری عێراق و ھەرێمی کوردستان دەڕوانێت و پابەندیی بەردەوامی ھاوکاری و پشتگیرییەکانی بەریتانیای بۆ دووپات کردنەوە.
لای خۆیەوە، سەرۆک نێچیرڤان بارزانی سوپاسی پەیوەندی خاتوو کووپەر و پشتگیری و ھاوکارییەکانی بەریتانیای بۆ عێراق و ھەرێمی کوردستان کرد، ھەروەھا دووپاتی کردەوە کە ھەرێمی کوردستان ھەرگیز بەشێک نەبووە و نابێتە بەشێک لە جەنگ.
لە تەوەرێکی دیکەی پەیوەندییەکەدا، دەربارەی پرۆسەی سیاسی لە عێراق و ھەرێمی کوردستان، دوایین پێشھاتەکانی شەڕ و لێکەوتەکانی بەسەر ناوچەکە و جیھانەوە، بیروڕایان گۆڕییەوە. لەمبارەیەوە ھەردوولا جەختیان لە گرنگیی دۆزینەوەی چارەسەری ئاشتییانە و چڕکردنەوەی ھەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ کۆتاییھاتنی شەڕ کردەوە.