شەهید کردنی شوانێك لە سیدەکان لە لایەن پاسەوانی سنووری ئێران و دەست بەسەرداگرتنی تەرمەكەی و مەڕوماڵاتەكەی
PeyamaKurd - شەهید کردنی شوانێك لە سیدەکان لە لایەن پاسەوانی سنووری ئێران و دەست بەسەرداگرتنی تەرمەكەی و مەڕوماڵاتەكەی
لە کوێستانەکانی خنێرە لە سنووری سیدەکان، هێزەکانی پاسەوانی سنووری ئێران شوانێکی تەمەن ٢٧ ساڵانیان بە ناوی ڕێباز سلێمان كردووەتە ئامانج و هاوکات ٨٥٠ سەر مەڕ و ماڵاتی خێزانەکەیان لەگەڵ خۆیان بردووە. برایەکی شوانەکە ساتی بردنی ئاژەڵەکانی بە مۆبایل تۆمار کردووە و بەرپرسانی ناوچەکەش دەستیان بە بەدواداچوون کردووە.
بەرەبەیانی دوێنێ هەینی کاتژمێر 06:30 خولەک، ڕێباز سلێمان، کە خەڵکی گوندی کۆڕێی سەر بە پارێزگای هەولێرە، لەگەڵ برایەکی بچووکی سەرقاڵی لەوەڕاندنی ئاژەڵەکانیان لە کوێستانی خنێرە بوون.
کەس وکاری ڕێباز، کە زیاتر لە ٢٠ کەسیان بۆ هاوینەهەوار و بەخێوکردنی ئاژەڵ چوونەتە ئەو ناوچەیە، لە دوورەوە بینیویانە مەڕەکانیان بەرەو سەرەوە و بەرەو خاکی ئێران دەبرێن و هاوکات گوێیان لە دەنگی تەقە بووە.
برا بچووکەکەی ڕێباز کە لەگەڵی بووە، دەڵێت لەو کاتەدا خەوتووە و ئاگاداری ڕفاندنی براکەی نەبووە. برایەکی تری ڕێباز دوای ڕووداوەکە چووەتە بەردەم پایەگایەکی پاسەوانی سنووری ئێران و ئاژەڵەکانی لەوێ بینیوەتەوە، بەڵام پاسدارەکان سەرەتا ڕەتیان کردووەتەوە کە ڕێبازیان لا بێت، هەرچەندە دواتر لە ڕێگەی پرسیارکردن دەربارەی ناوەکەیەوە گومان لای خێزانەکەی درووست بووە کە ڕێباز لای ئەوان دەست بەسەرە.
برایەكی ڕێباز سلێمان ڕایگەیاندووە ، هەموو ئاژەڵەکانم لای پایەگاکە بینی کە کۆیان کردبوونەوە، ووتیان سنووریان بەزاندووە، بەڵام من ڤیدیۆم هەیە کە هیچ سنوورێکیان نەبەزاندووە. کە پرسیم کوا براکەم؟ وتیان کەسمان نەبینیوە، بەڵام لەناکاو پاسدارێک وتی 'ڕێباز سلێمان چی تۆیە؟ ئەگەر دەستگیریان نەکردبێت چۆن ناوی دەزانن؟ دواتر هەڕەشەیان لێ کردم و ووتیان لێرە بڕۆ ئەگینا تۆش دەستگیر دەکەین.
دواتر دەركەوت كە ئەم ھاووڵاتییە لە لایەن ئەو ھێزانەوە كراوەتە ئامانج و كوژراوە و دەست بەسەر تەرمەكەی و مەڕ و ماڵاتەكەی دا گیراوە.