مەسروور بارزانی : سەرۆک و سەرکردەکانی جیهان پشتیوانی خۆیان بۆ هەرێمی کوردستان دەربڕیوە
PeyamaKurd - مەسروور بارزانی : سەرۆک و سەرکردەکانی جیهان پشتیوانی خۆیان بۆ هەرێمی کوردستان دەربڕیوە
مەسروور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، لە میانەی بەشداری لە پرسەی شەهید ووڵات تاهیر پەیامێکی تووندی ئاراستەی گرووپە لەیاسا دەرچووەکان و حکوومەتی عێراق کرد و ڕایگەیاند، هەرێمی کوردستان نابێتە بەشێک لە ململانێیەکی سەپێندراو.
سەرۆکوەزیران مەسروور بارزانی ڕایگەیاند: چەندین پەیوەندیم لە سەرۆک و سەرکردەکانی جیهانەوە پێگەیشتووە؛ هەمووان پشتیوانی خۆیان بۆ هەرێمی کوردستان دەربڕیوە و هاوڕاین کە دەبێت یارمەتی یەکتر بدەین بۆ گەڕانەوەی ئاشتی.
باسی لەوەش کرد : خوێنی شەهیدانمان بەفیڕۆ ناچێت و هەموو هەوڵێک دەدەین بۆ ئەوەی کوردستان بە پارێزراوی بمێنێتەوە.
سەرۆکوەزیران ووتی، نامانەوێت بە زۆر بمانخەنە بەرەیەکەوە و ئەم ڕەفتارە دوژمنکارانەی بەرامبەرمان دەکرێت، لە بیری خەڵکی کوردستان ناچێتەوە.
داوا لە حکوومەتی عێراق دەکەین چیتر پاڵپشتی ئەو گرووپە چەکدارانە نەکات و پێویستە سنوورێک بۆ ئەم پەلامارانە دابنرێت.
سەبارەت بە کارەبا سەرۆکوەزیران دڵنیایی دایە هاووڵاتیان و ووتی، کەمبوونەوەی کارەبا دەرئەنجامی شەڕە و دۆخەکە بەرەو ئاسایی بوونەوە دەچێت.