مەسروور بارزانی : ناوەندی گەنجان سەکۆیەکە بۆ ئەوەی گەنجان سوودی لێ وەربگرن
PeyamaKurd - مەسروور بارزانی : ناوەندی گەنجان سەکۆیەکە بۆ ئەوەی گەنجان سوودی لێ وەربگرن
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە کاتی کردنەوەی ناوەندی گەنجانی، داوای لە لاوان کرد کە مێژووی نەتەوەکەیان بخوێننەوە و بزانن کە دەستکەوتەکانی ئەمڕۆی کوردستان بەرهەمی خەباتی پێشمەرگە و قوربانیدانی گەلێکی ستەم دیدەیە کە هیچ کاتێک ڕێگەی نەداوە ئیرادەی نیشتمانی تێک بشکێت.
چوارشەممە، 10ـی حوزەیرانی 2026، مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە ڕێوڕەسمی فەرمی کردنەوەی ناوەندی گەنجانی کوردستان، ووتارێکی پێشکەش کرد و تێیدا دڵخۆشی خۆی بە بەشداری کردن لە کردنەوەی ئەم ناوەندە گرینگە دەربڕی، کە وەک یەکێک لە گەورەترین و پێشکەوتووترین ناوەندەکانی لاوان لەسەر ئاستی ناوچەکە و جیهان هەژمار دەکرێت.
سەرۆکی حکوومەت ئاماژەی بەوە کرد، کە بوونی ناوەندێکی لەم شێوەیە لە هەرێمی کوردستان جێگەی شانازییە بۆ تەواوی خەڵکی کوردستان و دەبێتە سەکۆیەکی گرینگ بۆ ئەوەی سەرجەم گەنجان بتوانن سوودی لێ ببینن. لەم چوارچێوەیەدا، مەسروور بارزانی پیرۆزبایی خۆی ئاراستەی سەرجەم گەنجان و خەڵکی کوردستان کرد و دەستخۆشی لە هەموو ئەو کەس و لایەنانە کرد کە رۆڵیان هەبووە لە دامەزراندنی ناوەندەکە و بەردەوامن لە پێگەیاندنی لاوان و درووست کردنی پەیوەندییەکی تەندرووست و پێویست لە نێوان گەنجان و چینەکانی کۆمەڵگەدا.
لە بەشێکی دیکەی ووتارەکەیدا، مەسروور بارزانی خۆشحاڵی خۆی بە بینینی گەنجانی بەهرەمەند نیشان دا کە لە بەشەکانی ناوەندەکەدا بەرهەمەکانی خۆیان نمایش کردبوو.
سەرۆکی حکوومەت، گرنگیی بوونی شوێنێکی هاوچەرخی بۆ کۆبوونەوە و گەشەپێدانی تواناکانی لاوان دووپات کردەوە و ئاماژەی بە بوونی کتێبخانەیەکی گەورە و دەوڵەمەند بە سەرچاوەی گرینگی زانستی و مێژوویی لە ناوەندەکەدا کرد کە دەکرێت ببێتە سەرچاوەیەکی گرنگی مەعریفە بۆ گەنجان.
لە ڕووی پەیامی نیشتمانییەوە، مەسروور بارزانی داوای لە گەنجانی کوردستان کرد کە مێژوو بخوێننەوە و مێژووی نەتەوەکەیان ببینن بۆ ئەوەی بزانن ئەم قەوارە و دەستکەوتانەی ئێستا لە کوردستان دا هەن، بەرهەمی خەبات، ماندووبوون و رەنجی نەتەوەیەکی ستەم لێکراوە.
مەسروور بارزانی جەختی لەوە کردەوە کە سەرەڕای ئەو ستەمە گەورەیەی بە درێژایی مێژوو لە گەلی کورد کراوە، بەڵام گەلەکەمان هیچ کاتێک خۆی نەچەماندووەتەوە و رێگەی نەداوە ئیرادەی نیشتمانی بمرێت؛ بەڵکو بەرهەمی خەباتی پێشمەرگە قارەمانەکان و قوربانی دانی گەلەکەمان بووەتە هۆی ئەوەی کە ئەمڕۆ کوردستانێکی گەشەسەندوو و پێشکەوتوومان هەبێت.