ناوەڕۆکی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی ھەرێم
PeyamaKurd - ناوەڕۆکی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی ھەرێم
چوارشەممە 10ی حوزەیرانی 2026، بە سەرپەرشتی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران مەسروور بارزانی و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆ بووەوە.
لە بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەدا، سەرۆک وەزیران تیشکی خستە سەر دوایین سەردانەکەی بۆ بەغدا و ئاماژەی بە گرینگی گەڵاڵەکردنی نەخشەڕێگەیەک بۆ بەردەوامیدان بە دانووستان لەسەر دۆسیە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵ کرد، لەمبارەوە پێشنیاری هێنانەکایەی دەسەتەیەکی باڵای وەزاری هەماهەنگی هەمیشەیی بە ئەندامیەتی وەزیر و بەرپرسانی پەیوەندیدار لە هەردوو حکوومەتی فیدراڵ و هەرێمی کوردستان کرد.
پاشان جێگری سەرۆک وەزیران، باسی لە گرنگیی هێنانەکایەی دەستەکە کرد و ئاماژەی دا کە ئەمە هەنگاوێکە بۆ بە دامەزراوەییکردنی شێوازی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ کە ڕۆڵی ئەرێنی دەبێت لە چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەردوولا.
ئەنجومەنی وەزیران دوای گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە لەبارەی وردەکاری و میکانیزمی پێکهێنانی دەستەکە، پێشنیارەکەی پەسەند کرد و بڕیار درا ئاراستەی حکوومەتی فیدڕاڵ بکرێت بۆ بڕیاری هاوبەشی هەردوو حکوومەت.
لە بڕگەی دووەم دا، دوا پەرەسەندنەکانی پەیوەست بە دۆسیەی نەوت لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵ و دەرئەنجامی دوا کۆبوونەوەی شاندی هەرێم و نوێنەری کۆمپانیا نەوتییەکان لەگەڵ سەرۆک وەزیران و لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکوومەتی فیدراڵ خرایە ڕوو.
وەزیری سامانە سرووشتییەکان بە وەکالەت و ئەندامانی شاندی دانووستانکار، ووردەکاری کۆبوونەوەکەیان خستەڕوو.
ئەنجوومەنی وەزیران دوای گفتوگۆ، جەختی کردەوە لەسەر هەڵوێستی هەرێمی کوردستان لە پشتیوانی کردنی حکوومەتی نوێی فیدڕاڵ بە سەرۆکایەتی عەلی زەیدی، بۆ بەرەنگاربوونەوە و چارەسەری ئەو کێشە دارایی یانەی کە ڕووبەڕووی عێراق بووەتەوە بەهۆی بارودۆخی ئەم دوایی یەی ناوچەکە. بۆ ئەو مەبەستەش، ئەنجوومەنی وەزیران وەزیری سامانە سرووشتییەکان و شاندی دانووستانی ڕاسپارد کە ڕێکارەکان خێراتر بکەن تاوەکوو هەر چی زووە لە ڕێگەی بۆری نەوتی هەرێمی کوردستانەوە، بەرزترین ئاستی هەناردەکردن بۆ بازاڕی جیهانی ئەنجام بدرێت و داهاتی بەدەستهاتووش بگەڕێتەوە بۆ گەنجینەی فیدڕاڵ، هەروەها بەردەوامی دان بە کاری هاوبەش و پێکەوەیی بۆ سەرخستنی هەموو ئەو هەوڵ و دەرفەتانەی دەبنە هۆی زیادکردنی داهاتی فیدڕاڵ.
ئەنجوومەنی وەزیران دووپاتیشی کردەوە کە ئەرکی کۆمپانیا نەوتییەکانیشە، دوای دڵنیایی دانی حکوومەتی فیدڕاڵ بە پاراستنی ئاسایشی کەرتی نەوت و وزەی هەرێم و قەرەبووکردنەوەی زیانی هەر هێرشێک بۆ سەر دامەزراوەکانی کەرتی وزەی هەرێم وەک سەرۆک وەزیرانی فیدڕاڵ جەختی لێ کردەوە ، دەبێت کۆمپانیا نەوتییەکان لە چەند ڕۆژی داهاتوودا، دەست بە زیادکردنی بەرهەمهێنانی نەوت و هەناردەکردنی بکەنەوە.
پاشان ئەنجوومەنی وەزیران، گفتوگۆی لەبارەی دۆسیەی داهاتە ناوخۆیی یەکان و بابەتی جێ بەجێ کردنی ڕێکارەکانی سیستەمی ئەسیکۆدا لە هەرێمی کوردستان و خشتەی داهاتەکان و کاریگەرییەکانی دۆخی ناوچەکە و ئەسیکۆدا لە سەر کەم بوونەوەی بەرچاوی داهاتی گشتی لە هەرێمی کوردستان و کاریگەری لەسەر مووچە کرد.
لەمبارەیەوە وەزیری دارایی و ئابووری، لە چوارچێوەی ڕاپۆرتێکدا، ووردەکاری داهاتە گشتییەکانی هەرێمی کوردستانی بۆ پێنج مانگی یەکەمی ساڵی 2026 بۆ ئەنجوومەنی وەزیران خستەڕوو، کە بەراورد بە ساڵی 2025 دابەزینی بەرچاوی بەخۆوە بینیوە، وەک لە تەرازووی پێداچوونەوەی مانگانە ڕوون کراوەتەوە و لەلایەن تیمی هاوبەشی هەردوو دیوانی چاودێری دارایی فیدڕاڵ و هەرێم ووردبینی دەکرێت. بۆیە داوا لە حکوومەتی فیدڕاڵ کرا کە پێداچوونەوەی پێویست بکات بە بڕی 120 ملیار دیناری دیاریکراو وەک بەشی گەنجینەی فیدڕاڵ، چوونکە بەهۆی جەنگ و بارودۆخی ئاڵۆزی ناوچەکە و یەکلایی نەبوونەوەی دۆسیەی ئەسیکۆدا، داهاتی مانگانەی هەرێم بە ڕێژەی زیاتر لە 70٪ دابەزیوە.
سەبارەت بە جێبەجێ کردنی ئەسیکۆداش لە دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان، ئەنجوومەنی وەزیران جەختی کردەوە کە پێویستە لە نزیکترین دەرفەتدا، ئەنجوومەنی وەزاری فیدڕاڵ بۆ کاروباری ئابووری، لە کۆبوونەوەیەکدا، ئەو لەیەکترگەیشتنە بەراییە پەسەند بکات کە لە مانگی نیسانی ئەمساڵ لەنێوان هەردوولا تایبەت بە جێبەجێ کردنی سیستەمی ئەسیکۆدا لە دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان واژۆ کراوە. بە چارەسەرکردنی ئەم دۆسیەیەش، داهاتی دەروازە سنوورییەکان زیاد دەکات و جوڵەی بازرگانی بەهێز و چالاک دەبێتەوە و بازاڕ دەبووژێتەوە، کە ئەمەش لە ئەنجام دا لە بەرژەوەندی تەواوی عێراق دایە.