هاوپەیمانی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات : گۆڕانکاری ڕاستەقینە بە هێزی خەڵک و یەکگرتوویی سیاسی بەدی دێت
PeyamaKurd - هاوپەیمانی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات : گۆڕانکاری ڕاستەقینە بە هێزی خەڵک و یەکگرتوویی سیاسی بەدی دێت
بەیاننامەی هاوپەیمانی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران
خەڵکی تێکۆشەری کوردستان!
ڕای گشتی و ئازادیخوازان!
هاوپەیمانی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران ڕۆژی ٢٦ی جۆزەردانی ١٤٠٥ی هەتاوی (١٦ی جوونی ٢٠٢٦) کۆبوونەوەیەکی بۆ هەڵسەنگاندنی بارودۆخی هەنووکەیی بزووتنەوەی ڕزگاری خوازی کوردستان و ئەرکە مێژوویی یەکانی هاوپەیمانی لەم قۆناغەدا پێکهێنا.
لەم کۆبوونەوەیەدا دوای هەڵسەنگاندن و تاوتوێی ڕووداوەکانی ئەم دواییانە، لێکەوتەکانی شەڕی ئەمریکا و ئیسڕائیل لەگەڵ ئێران و هەوڵەکانی دواتر بۆ ئاگربەس و واژووکرانی لێکتێگەیشتنی نێوان ئەمریکا و ئێران و دوورەدیمەنی داهاتووی سیاسی ئێران ئەو ئاکام گیرییە کرا ئەوە کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و ئێرانن کە بە بەردەوامیان لە خەبات و ماف خوازییان کۆتایی بە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی دێنن و لە ڕاستیدا ڕێژیمیش ترسی هەرە گەورەی هەر خەباتی مافخوازانەی لە کۆمەڵانی خەڵک لە نێوخۆی ئێرانە کە هەتا ئێستا لەو پێناوەدا ڕووبارێک خوێنیان داوە.
هاوپەیمانی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران لەسەر ئەو باوەڕەیە دۆزی ڕەوای کورد و خەباتی ڕزگاریخوازی ئەم نەتەوەیە پاشخانێکی دوور و درێژ و دەوڵەمەندی هەیە و تابعی هیچ جۆرە شەڕ و هاوکێشەیەکی هەرێمی نییە. لە ڕوانگەی ئێمەوە پێچەوانەی تێگەیشتنێک لە ئاستی لە نێودەوڵەتی دا هەیە، کۆماری ئیسلامی سیستەمێکی داخراوی ئەزموون کراوە و ئەم جۆرە لێکتێگەیشتن و تەنانەت ڕێککەوتنانەش جەوهەر و نێوەرۆکی ڕێژیم ناگۆڕن، بۆیە گۆڕانکاریی ڕاستەقینە تەنیا لە ڕێگەی پشتبەستن بە هێزی ناوخۆیی خەڵک، یەکگرتوویی هێزە کوردستانی و دێموکراسی خوازەکانی ئێران و بەردەوامیی بزووتنەوە مەدەنییەکانەوە بەدی دێت و هەر گۆڕانکارییەک لە داهاتوودا، پێش هەر شتێک پشت بە ئیرادە، خەبات و خۆڕاگری نەتەوەی کورد و باقی نەتەوەکانی ئێران دەبەستێت.
هاوپەیمانی هاوکات لەسەر ئەم باوەڕەیە لەگەڵ ئەوەدا لاوازبوونی کۆماری ئیسلامی لە ئاکامی ئەو شەڕەدا دەتوانێ یارمەتیدەری بزووتنەوەی مافخوازی نەتەوەکانی ئێران بێ، بەڵام ئێمە پشت بە ئیرادە و وزەی خەباتگێڕی خۆمان دەبەستین و چارەنووسی خەباتی خۆمان بە ڕێککەوتن و شەڕی ووڵاتان و لایەنە دەرەکییەکان لەگەڵ کۆماری ئیسلامییەوە نەبەستۆتەوە. ئەگەرچی کۆماری ئیسلامی ئێران پاش ئەم شەڕە بە زیادکردنی شاڵاوی گرتن و لەسێدارەدانی چالاکانی سیاسی و مەدەنی، فشارەکان بۆ کۆمەڵگە و هێرشە تێرۆریستییە بەردەوامەکانی بۆ سەر حزبە کوردستانییەکان لە باشووری کوردستان هەوڵی لاوازکردنی ئەم بزووتنەوەیە دەدات، بەڵام جووڵانەوەی کورد بەم سەرکوت و فشارانە بەچۆک دانایەن.
هاوپەیمانی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران، لەم قۆناغەدا پێ لەسەر پەرەپێدانی کاری هاوبەش، پێداگری لەسەر بەردەوامی، پتەوکردنی یەکگرتوویی ناوخۆیی، بەرزکردنەوەی ئاستی چالاکییە میدیایی یەکان و بەشداری کارا و بڕوابەخش لە پرۆسەی بڕیاردانی هاوبەش دا لە ڕێزدانان بۆ ویستی جەماوەر و پێویستی بزووتنەوەی کوردستان دا دادەگرێتەوە. هاوکات لە هەوڵەکانی بۆ نزیک بوونەوەی هەرچی زیاتر لەپێناو ووتاری هاوبەش و کاری مەیدانی پێکەوەیی و بەرپەرچدانەوەی هەر چەشنە بێ هیوایی یەک بەردەوام دەبێ و پی لەسەر بەردەوامی خەبات تا بەدیهاتنی مافە ڕەواکانی بزووتنەوەی ڕزگاری خوازانەی کوردستان دادەگریتەوە.
سەرکەوێ خەباتی ڕەوای بزووتنەوەی کوردستان
هاوپەیمانی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات
٣١ی جۆزەردانی ١٤٠٥ (٢١/٦/٢٠٢٦)