پێشبینی نوێی کەش و هەوای هەرێمی کوردستان بەم شێوەیە گۆڕانکاری بە خۆیەوە دەبینێت
PeyamaKurd - پێشبینی نوێی کەش و هەوای هەرێمی کوردستان بەم شێوەیە گۆڕانکاری بە خۆیەوە دەبینێت
شەپۆلێکی ناجێگیری کەش و هەوا و تاوەبارانی بەخوڕ ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە و پێشبینی دەکرێت لە چەند ناوچەیەک تەرزەی قەبارە گەورە ببارێت، لە کۆتایی هەفتەش دا پلەکانی گەرما بەرزدەبنەوە.
شارەزایەکی بواری کەش و هەوا بڵاوی کردەوە، تایبەت لە کاتەکانی شەو، ناوبەناو هەورەبرووسکە و تاوەبارانی بەخوڕ زۆربەی ناوچەکان دەگرێتەوە و لە هەندێک شوێنیش تەرزە دەبارێت کە پێشبینی دەکرێت قەبارەی تەرزەکان گەورە بن. ئاماژەی بەوەش کردووە، کاریگەری ئەم شەپۆلە چالاکە ئەمڕۆ چوارشەممە تاوەکوو کاتەکانی ئێوارە بەردەوام دەبێت و دواتر کەش و هەوا و پلەکانی گەرما جێگیر دەبن.
سەبارەت بە کەش و هەوای کۆتایی هەفتەوە، ئەو شارەزایە ڕوونی کردووەتەوە، ڕۆژی پێنجشەممە کەش و هەوا بەگشتی جێگیر و ئاسمان ساماڵ دەبێت، تەنها لە کاتەکانی ئێوارەدا لە هەندێک لە ناوچەکانی سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران ئەگەری درووست بوونی تاوەباران و هەورەبرووسکەی کورت خایەن هەیە. ڕۆژی هەینیش کەش و هەوا لە تەواوی ناوچەکان بەتەواوی جێگیر دەبێت و پلەکانی گەرماش بەڕێژەی سێ بۆ چوار پلەی سیلیزی بەرزدەبنەوە.