30هەمین ساڵیادی راگەیاندنی فیدراڵی پەرلەمانی كوردستانە
پەیامی کورد... 30هەمین ساڵیادی راگەیاندنی فیدراڵی پەرلەمانی كوردستانە
رۆژی سێشەممە 10-4 بەبۆنەی 30هەمین ساڵیادی راگەیاندنی فیدراڵی پەرلەمانی كوردستان رێواز فایەق سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان پەیامێكی پیرۆزبایی بڵاوكردەوە.
لە بەشێكی ئەو پەیامەدا رێواز فایەق رایگەیاندوە، 30 ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر بڕیاردان و راگەیاندنی فیدڕاڵی لە پەرلەمانی كوردستان بە بڕیاری ژمارە (22)ی ساڵی 1992، دەرچواندنی ئەم بڕیارە مێژوییە لە هەلومەرجێكی هەستیارو تێئاڵۆزكانی بارودۆخی سیاسی و دژواردا بوو، جگە لەوەی دەستپێشخەری و ئایندەبینییەكی زۆر گەشاوەو پڕ لە ئومێدی قۆناغەكە بوو بۆ بەدیهێنانی ماف و خواستە دیموكراسییەكانی میللەتەكەمان، هاوكات دەست بۆ بردنێكی سیاسیانەی پڕ لە دانایی و بوێریی سەركردایەتی سیاسی و پەرلەمانی كوردستانیشە وەك دەستكەوت و بەرهەمی خەبات و تێكۆشانی درێژخایەنی گەلەكەمان بەتایبەت لەدوای پرۆسەی ئازادیی عیراق بەكردەیی ئامانجە نەخشە بۆكێشراوەكەو رەهەندە دەستورییەكانی سەركەوتوانە بەدیهات لە چوارچێوەی دەوڵەتی عیراقدا.
سەرۆكی پەرلەمان وتوشیەتی: هاوشێوەی وڵاتانی پێشكەوتو و خاوەن یەكێتیە فیدڕاڵییەكان، دوبارە ئیرادەو خۆڕاگریی گەلەكەمانی بەرامبەر پرسە چارەنوسسازەكان و پێداگریی سەركردایەتی كوردی بە جۆش و خرۆش خستەوە بۆ چارەسەركردنی كێشەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم و بەدیهێنانی ویست و داخوازییە رەواكانی گەلەكەمان لە چوارچێوەی دەستورو یاساو رێسا فیدڕاڵیە كارپێكراوەكان بەپێی پەیماننامە جیهانییە پیادەكراوەكان.