53٪ی ئەوانەی لە ئێران بەهۆکاری سیاسی لەسێدارەدەدرێن، کوردن
پەیامی کورد … 53٪ی ئەوانەی لە ئێران بەهۆکاری سیاسی لەسێدارەدەدرێن، کوردن
ریپۆرتەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پرسی مافی مرۆڤ لە ئێران لە راپۆرتێکدا دەڵێت، 53٪ی ئەو کەسانەی لە ئێران بە هۆکاری سیاسی لەسێدارە دەدرێن "کوردن".
جاوید رەحمان، ریپۆرتەری تایبەتی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ پرسی مافی مرۆڤ لە ئێران لە راپۆرتێکدا بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان، پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە ئێران دەخاتەڕوو و دەڵێت، لەو وڵاتە گوشاری زیاتر دەخرێتەسەر پێکهاتە نەتەوەییەکان و دەسەڵاتی ئێرانیش لە "پێشێلکردنی مافەکانیان بەردەوامە".
لە راپۆرتەکەدا ئاماژە بە کوشتنی کۆڵبەرانی کورد و بەلوچ کراوە و تێیدا هاتووە، لە 4 مانگی یەکەمی ئەمساڵدا لانیکەم 24 کۆڵبەر بە تەقەی راستەوخۆی هێزەکانی ئێران کوژراون و ژمارەیەکی زیاتریش بریندارکراون.
جاوید رەحمان ئاماژەی بە دەستبەسەرکردنی چالاکڤانانی کوردیش لەلایەن هێزەکانی ئێرانەوە داوە و دەڵێت، لە سەرەتای ئەمساڵدا زیاتر لە 100 چالاکڤانی کورد دەستبەسەرکران کە زۆربەیان بۆ ماوەیەکی زۆر لە شوێنی نادیار راگیران؛ ئاماژەی بەوەشداوە کە لە مانگی 4ی ئەمساڵدا سزای بەندکران بەسەر لانیکەم 34 کەس لە دەستبەسەرکراواندا سەپێندرا و ژمارەیەکیان بە 26 ساڵ بەندکران سزادران. لە راپۆرتەکەدا ئاماژە بە پەسندکردنی سزای 5 ساڵ زیندانیکردن بۆ زارا محەممەدی، مامۆستای زمانی کوردی لە سنە و هەروەها گوشارەکانی سەر زەینەب جەلالیان، بەندکراوی سیاسی کورد کراوە.
ریپۆرتەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ژمارەی زۆری لەسێدارەدان لەنێو پێکهاتە نەتەوەییەکاندا نیگەرانە و دەشڵێت، کورد و بەلوچ و ئازەری زیاتر لەسێدارە دەدرێن و لە پارێزگای سنە زیاترین لەسێدارەدان جێبەجێ دەکرێت. بەپێی ئەو راپۆرتە لەنێوان ساڵەکانی 2010 بۆ 2020 لانیکەم 129 کەس لە ئێران بە هۆکاری سیاسی لەسێدارەدراون کە 53٪ کورد، 26٪ بەلوچ و 13٪ عەرەب بوون.