7ی مانگ دواڕۆژی وەرگرتنەوەی كارتەكانە
سەرۆکی دەستەی ھەڵبژاردنەکانی ھەرێمی کوردستان گوتی، بڕیارە 72 سەعات پێش دەنگدانی گشتی، دەنگدانی تایبەت بەڕێوە بچێت و داوایش دەکات دەنگدەرانی تایبەت کارتی نوێ بە کار بێنن.
مازن عەبدولقادر، سەرۆکی دەستەی ھەڵبژاردنەکانی ھەرێم بە مالپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند، کۆی کارتەکانی ئەو ھاوڵاتیانەی بەشدارییان لە سیستەمی بایۆمەتریدا کردووە، کارتەکانیان گەڕێندراونەتەوە بۆ ھەرێمی کوردستان و لە رێگەی 173 بنکەی کۆمسیۆنەوە رۆژانە دابەشکردنی کارتی دەنگدان بەردەوامی ھەیە و ھیچ کێشەیەک لەبارەی کارتەکانەوە نییە، بەڵام وەک ئەو دەڵێ، بەشێک لە ھاووڵاتیان گلەیی ئەوە دەکەن کارتەکانیان نەگەڕاوەتەوە، "ئێمە ھاووڵاتیان پشتڕاست دەکەینەوە کارتەکانیان بۆ چاپ کراوە و گەڕاوەتەوە، بەڵام لەوانەیە لەو بنکەیە نەبێت کە خۆی سەردانی کردووە."
مازن عەبدولقادر داوایشی لە ھاووڵاتیان کرد ئەگەر لە بنکەیەک کارتیان دیارنەبوو، سەردانی ھەموو ئەو بنکانەی نزیک لە شوێنی وەرگرتنی بنکەی خۆراکی مانگانە بکەن، چونکە لەوانەیە کارتەکەی لە ھەمان بنکە نەبێت و لە بنکەیەکی نزیکی فۆرمی خۆراک بێت.
لەبارەی بەڕێوەچوونی دەنگدانی تایبەتیشەوە سەرۆکی دەستەی ھەڵبژاردنەکانی ھەرێمی کوردستان ئاشکرای کرد "دەنگدانی تایبەت بڕیارە 72 کاتژمێر بەر لە دەستپێکردنی دەنگدانی گشتی بەڕێوە بچێت و ھەموو ئامادەکارییەک بۆ بەڕێوەچوونی دەنگدانی تایبەت کراوە، بەڵام پێویستە ھێزەکانی ناوخۆ پێشمەرگە و ھەموو ئەوانەی بە دەنگدانی تایبەت ھەژمار دەکرێن، زۆر ورد بن لە وەرگرتنی کارتی دەنگدان، چونکە کارتی نوێی دەنگدانی تایبەت بۆ ھەموو ئەوکەسانە چاپ کراوە و پێویستە وەری بگرنەوە تا مافی دەنگدانیان ھەبێت."