80 خوێندكاری زانكۆی دهۆك ژەهراوی بوون
پەیامی کورد … 80 خوێندكاری زانكۆی دهۆك ژەهراوی بوون
هەمزە رەزیكی وتەبێژی تەندروستی دهۆك ئاشكرای كرد، بەهۆی ژەهراویبوونەوە 80 خوێندكاری زانكۆی دهۆك سەردانی نەخۆشخانەیان كردوە و هۆكارەكەی نازانرێت، بەهۆی پشووی زانكۆشەوە لێكۆڵینەوە لە رووداوەكە نەكراوە.
هەمزە رەزیكی وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی دهۆك رایگەیاندووە، لە ئێوارەی رۆژی پێنجشەممەوە تاوەكو هەینی 80 خوێندكاری زانكۆی دهۆك سەردانی نەخۆشخانەیان كردووە و ژەهراوی بوون.
باسی لەوەش كردووە، نازانرێت بە چی ژەهراوی بوون و دوای زۆربوونی ژمارەی خوێندكارەكان، تیمەكانی بەڕێوەبەرایەتی چاودێری تەندروستی دهۆكیان ئاگادار كردووەتەوە، بەهۆی ئەوەشی دەوامی زانكۆ نەبووە نەتوانراوە لێكۆڵینەوە لە رووداوەكە بكرێت.
وتەبێژی تەندروستی دهۆك ئاماژەی بەوەشداوە، خوێندكارەكان دۆخیان زۆر باشە و لە نەخۆشخانە دەرچوون، تەنیا دوو خوێندكار نەبێت كە رێژەی ژەهراویبوونەكەیان زۆرە و پێویستە تاوەكو ماوەیەك لە نەخۆشخانە بمێننەوە، دوای دەست پێ كردنەوەی دەوامیش لێكۆڵینەوە بۆ دۆزینەوەی هۆكارەكەی دەكرێت.