عەبادی داوای گەڕانەوەی پێشمەرگە دەکات بۆ کەرکووک
لەسەر گەڕانەوەی پێشمەرگە لەڕۆژی هەڵبژاردن بۆ پارێزگای كەركوك یەكێتیی زانیاری ئاشكرادەكات و بەرپرسێكی ئەو حزبەش لەكەركوك تەئكیددەكاتەوە، “سەرۆك وەزیرانی عێراق داوایكردوە پێشمەرگە بگەڕێتەوە كەركوك”، ڕاشیدەگەیەنێت، “دوای تەواوبونی پرۆسەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران پێشمەرگە دەگەڕێنەوە شوێنەكانی پێشوی خۆیان”.
چەند میدیایەكی عێراقی بڵاویانكردۆتەوە، بۆ هەڵبژاردنی 12ی 5ی 2018، پێشمەرگە دەگەڕێنەوە شوێنەكانی خۆیان لەكەركوك و ئەركی پاراستنی پارێزگاكەیان بۆ ڕۆژی هەڵبژاردن لەئەستۆ دەبێت.
یاسین عیزەدین جێگری لێپرسراوی مەڵبەندی كەركوكی یەكێتیی لهلێدوانێکیدا بۆ میدیاکان ڕایگەیاند ، “پێشتر بڕیاربوو هێزی دژە تیرۆری عیراق لەڕۆژی هەڵبژاردن لەپارێزگای كەركوك ئەركی پێ بسپێردرێت، بەڵام ئێستا ئەركی پاراستنی هەڵبژاردنەكە تەنها لەئەستۆی پۆلیسی فیدراڵیدایە”.
وتیشی:”جگەلەوەش تائێستا بڕیاری گەڕانەوەی هێزی پێشمەرگە بۆ پارێزگای كەركوك لەڕۆژی هەڵبژاردنی 12ی 5ی 2018 نەدراوە كە هاوشێوەی هێزە عیراقیەكان بەشدارن”.
ئاشكراشیكرد، “حەیدەر عەبادی داوایكردوە هێزی پێشمەرگە ئەركی پاراستنی پارێزگای كەركوك و دەوروبەری هاوشێوەی هێزە عێراقییەكان لەئەستۆ بگرێت، چاوەڕواندەكرێت دوای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەران هێزی پێشمەرگە بگەڕێتەوە شوێنەكانی پێشویان لەپارێزگای كەركووك”.
ئەوەشی ڕونكردەوە، “پێشتر بڕیاری گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ پارێزگای كەركوك درابوو، بەڵام قسە لەسەر چۆنیەتی جێبەجێكردنەكەی نەكراوەو دوای هەڵبژاردن پێشمەرگە دەگەڕێتەوە شوێنەكانی خۆیان لەكەركوك و ناوچە دابڕێندراوەكان”.