عەلی باپیر : شتێک کە ئێمە دەیزانین خەڵک نایزانێت ، زۆر شت دەزانین بۆیە هەندێ شت ناکەین و ئێمە پووش و پەڵاش نین
پەیامی کورد ... عەلی باپیر : شتێک کە ئێمە دەیزانین خەڵک نایزانێت ، زۆر شت دەزانین بۆیە هەندێ شت ناکەین و ئێمە پووش و پەڵاش نین
ئەمیر کۆمەڵی ئیسلامی کوردستان رایگەیاند، ئەوان دەزانن کە دۆخی خەڵک و ئابوری هەرێمی کوردستان خراپە و ناتەبایی سیاسی بونی هەیە، بۆیە کۆمەڵ بەشێوازی خۆی هەنگاوی پێویست بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان دەنێت و لەسەر بنەمای بەرژەوەندی خەڵکی و شەریعەت "خۆمان دەزانین چی دەکەین، چۆن دەیەکین و کەی دەیکەین، چونکە ئێمە زۆر شت دەزانین بۆیە هەندێ شت ناکەین".
عەلی باپیر، ئەمیر کۆمەڵی ئیسلامی کوردستان لە وتارێکدا بۆ ئەندامانی حیزبەکەی لە رانیە باسی لەوەشکرد، "هەندێ کادری خۆمان کەوتونەتە ژێر کاریگەری سۆشیال میدیا و ڕەخنەدەگرن کە بۆچی پێشەوایەتی خۆپیشاندانەکان ناکەین، ئێمە کە شتێک ناکەین لەبەر ئەوە نیە کە ئاگادار نین، بەڵکوو لەبەر ئەوەیە ئاگادارترین لە خەڵکی، ئێمە شتێک دەزانین کە خەڵک نایزانێت، ئێمە دەزانین کە بارودۆخی خەڵك چۆنە و ناتەبایی سیاسی هەیە و پەیوەندی لەگەڵ بەغدا چۆنە و لە سنوورەکان چ دەگوزەرێت".
ئاماژەی بەوەشکرد، "وەک کۆمەڵی ئیسلامی زۆر شت دەزانین بۆیە هەندێ شت ناکەین، لەلایەکی دیکەشەوە هەمیشە تۆمەت بۆ ئێمەی ئەهلی ئیسلام ئامادەیە، خەڵكی دیکە هەرچی بکات ئەوە کردوەیەتی، لەهەمانکاتیشدا ئێمە زیاتر هەست بە بەرپرسیاریەتی دەکەین و کاتێک دەمانەوێت کارێک بکەین تەماشای ئەزمونی وڵاتانی دیکەی وەک لیبیا سوریا، لوبنان، میسر و یەمەن دەکەین".
هەروەها عەلی باپیر ئەوەشی خستەڕو، "ئێمەومانان پوش و پەڵاش نین هەر پشوە بایەک ڕامان بماڵێت، خۆمان دەزانین چی دەکەین، چۆن دەیکەین و کەی دەیکەین و هەرشتێک لێی دڵنیا نەبین نایکەین، ئەگەر خوێندنەوەی ووردتر بکەین بۆمان دەردەکەوێت کە نابێت هەروا بە ئاسانی بکەوینە ژێرکاریگەری هەرشێتێک کە لەساحەکە پەیدا دەبێت".