عەلی حوسێن: بارزانی داوای یەکڕیزیی هەموان دەکات
بەرپرسی مەکتەبی پەیوەندییەکانی پارتی پێی وایە، کاتی خۆیەتی سەرجەم لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان یەکدەنگ و یەکڕیز بن، ئەوکات نەک بەغدا هیچ هێزێکی تر ناتوانێت، ئیرادەی خەڵکی کوردستان پێشێل بکات.
عەلی حوسێن بەرپرسی مەکتەبی پەیوەندییەکانی پارتی ڕایگەیاند: "سەرۆک بارزانی بە حوکمی پێگە بەهێزەکەی، ئەرکی سەر شانی خۆی بەجێ هێناوە، لەو بەیاننامەیەشدا بە ڕوونی دیارە، کە داوای یەکڕیزیی هەموان دەکات".
ناوبراو پێشی وایە، گەر لایەنە کوردستانییەکان تەبا بن، نەک بەغدا، بەڵکو هیچ هێزێکی تر ناتوانێت ئیرادەی خەڵکی کوردستان بشکێنێت، هێماش بۆ ئەوە دەکات، کە بە هۆی هەندێ بەرژەوەندی، عوقدەی مێژوویی، نزیکبوونەوەی هەڵبژاردن و بوونی دەستکەوتێکی کاتی وای کردووە، لایەنە سیاسییەکان ناکۆک بن.
ئەوەی بە لای زۆربەی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستانەوە جێی سەرسامییە، ئەو یەکڕیزییەی فراکسیۆنە کوردستانییەکانە لە بەغدا و بە پێچەوانەوە لە هەرێم ناکۆکی هەیە. عەلی حوسێن نایشارێتەوە، کە هەندی لایەنی سیاسی خواستی یەکڕیزییان تێدا هەیە، دەشڵێت: "بۆ ئەو لایەنانەی دەیانەوێ بە ئاراستەی یەکڕیزیدا هەنگاو بنێن، پەیامەکەی سەرۆک هاوکار دەبێت".
عەلی حوسێن گوتیشی: "وەک مەکتەبی پەیوەندییەکان هەوڵ دەدەین هەنگاوی جددی و بەرهەمدار لەگەڵ سەرجەم لایەنە سیاسییەکانی هەرێم بگێڕین، لە پێناو ڕەچاوکردنی بەرژەوەندیی گشتی".