عەلی حوسێن وەندی هونەرمەندی کورد کۆچی دوایی کرد
پەیامی کورد... عەلی حوسێن وەندی هونەرمەندی کورد کۆچی دوایی کرد
ئەمڕۆ ٣١ی ئاداری ٢٠٢٢، هونەرمەندی گۆرانیبێژ، عەلی حوسێن وەندی لە تەمەنی ٨٢ ساڵیدا لە شاری سلێمانی کۆچی دوایی کرد.
دوای ململانێی لەگەڵ نەخۆشیدا، هونەرمەند عەلی حوسێن وەندی ئەمڕۆ لە نەخۆشخانەی هیوا لە شاری سلێمانی لە تەمەنی ٨٢ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.
عەلی حوسێن وەندی لەدایکبووی خانەقینە، لە ناوەڕاستی ساڵانی ١٩٦٠ەکان بە گۆرانی "ئەی هاوسێکەی بەر پەنجەرە" کە لە وێستگەی کرماشان تۆمار کراوە دەرکەوت، دواتر لە ڕێککەوتننامەی ١١ی ئاداری ١٩٧٠ لەنێوان شۆڕشی کورد و حکومەتی ئەو کاتەی عێراق واژۆ کرا، عەلی حوسێن بە کۆمەڵێک سروود و گۆرانی دەرکەوتەوە.
ناوبراو بە درێژدایت ژیانی خزمەتی شۆڕش و هونەری کوردی کردووە و خاوەنی چەندین بەرهەمە، ساڵی ڕابردوو وەک ڕێزێک بۆ ماندووبوون و خزمەتکردنی هونەر لە شاری خانەقین پەیکەرێکی بۆ دروستکراوە.