بە پێی بڕیارێک بەشی یاسایی وەزارەتی ڕۆشنبیری ووڵامی لێدوانێکی حاکم شێخ لەتیف دەداتەوە
پەیامی کورد ... بە پێی بڕیارێک بەشی یاسایی وەزارەتی ڕۆشنبیری ووڵامی لێدوانێکی حاکم شێخ لەتیف دەداتەوە
بەشی یاسایی وەزارەتی ڕۆشنبیری لەبارەی پێدانی ژمارەی سپاردن ووڵامی حاکم شێخ لەتیف دەداتەوە و رایدەگەێنێت ، دڵنیان حاکم "نە فەرمانە وەزارەییەکەی خوێندوەتەوە نە یاسای چاپەمەنی هەرێمی بە ووردی خوێندوەتەوە"، جگە لە نیوەی ماددەی دووەمی یاساکە، کە ئەویش مەرجدارە بە پابەندبوون بە بڕگەکانی ئەو یاسایە.
بەشی یاسایی وەزارەتی ڕۆشنبیری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە روونکردنەوەیەکدا رایگەیاندووە، "رۆژی ٢٩-٩-٢٠٢٠ ماڵپەڕەکەتان لێدوانێکی حاکم شێخ لەتیف بەناونیشانی "بڕیاری وەزیری رۆشنبیری لە رووی یاساییەوە پووچەڵە" بڵاوکردوەتەوە، بۆ زانین ئەوە بڕیارنیە، فەرمانی وەزارییە کە پاڵپشتە بە رێنمایی ژمارە (٦)ی ساڵی ١٩٩٩ی وەزارەتی رۆشنبیری"یەوە
ئاماژەی بەوەشکردووە، "ئێمە دڵنیایین جەنابی حاکم نە فەرمانە وەزارەییەکەی خوێندوەتەوە نە یاسای چاپەمەنی هەرێمی بە ووردی خوێندوەتەوە، جگە لە نیوەی ماددەی دووەمی یاساکە، کە ئەویش مەرجدارە بە پابەندبوون بە بڕگەکانی ئەو یاسایە".
بەشی یاسایی وەزارەتی ڕۆشنبیری رونیشیکردوەتەوە، "یاسای چاپەمەنی هەرێمی کوردستان ژمارەی (١٠)ی ساڵی ١٩٩٣ لە ١٩ ماددە پێکهاتوە، لەماددەی (١٦) دەسەڵات دراوە بە وەزیری رۆشنبیری رێنمایی پێویست دەربکات بۆ جێبەجێکردنی یاساکە، وەزیری رۆشنبیری لە ساڵی ١٩٩٩ رێنمایی ژمارە (٦)ی دەرکردوە".
ئەوەشی خستەڕوو، "فەرمانی وەزاریمان ژمارە (٣٠٧٧) لە 24-9-2020 پاڵپشت بە رێنمایی ئاماژە پێکراو دەرچوە، و لە فەرمانەکە بەهیچ جۆرێک باسی چاودێری نەکراوە، بەڵگەشمان بۆ روونکردنەوەکەمان لە فەرمانی وەزاری ژمارە (٣١٣٧) لە ٢٩-٩-٢٠٢٠ بۆ دانانی لیژنەکان ووتراوە (مەبەست لە فەرمانمان ژمار (٣٠٧٧) جێبەجێکردنی ماددەی (٩)یە لە یاسای ژمارە (١٠) لەگەڵ رەچاوکردنی ماددەی دوهەم لە یاساکە)، واتا ئێمە نەخشە رێگاکەمان بۆ لیژنەکە دیاریکردوە، کە بەهیچ جۆرێک بە ئەرکی چاودێری هەڵنەستێت".
دەشڵێت، "حاکم شێخ لەتیف خۆی بڕوانامەی دکتۆرای لە بواری یاسا هەیە، ئەو راستیە باش دەزانێت کە ناکرێت لە یاساکە ماددەیەک جێبەجێ بکرێت و ماددەیەکی تر فەرامۆش بکرێت".
ئەمە لە حاڵێکدایە دوێنێ لە لێدوانێکدا حاکم شێخ لەتیف، شارەزای یاسایی و دەستووری دا رایگەیاندبوو، ماددەی ٣٨ بڕگەی دوەم لە دەستوری عێراق ئازادی چاپەمەنی مسۆگەر کردوەو دەستووری عێراقیش باڵاترین یاسایە لەناو عێراق و نابێت ھیچ یاساو رێساو ڕێنماییەک نە لەلایەن دەسەڵاتەکانی دەوڵەتی فیدڕاڵ و نەدەسەڵاتەکانی ھەرێم پاریزگاکان پێچەوانەی دەستوور دەربچێت پاڵپشت بە بڕگەی دوەم لە مادەی ١٣ لە دەستوورەکە.
ئاماژەی بەوەشکردبو، "بڕیاری وەزیری رۆشنبیری پاڵپشت بە رێنمایی رێنمایی ژمارە (٦)ی ساڵی ١٩٩٩ تایبەت بە سپاردن دەرچووە، رێنماییش نابێت پێچەوانەی یاسا بێت، یاسای چاپەمەنی ژمارە ١٠ی ساڵی ١٩٩٣ی بەرکار لە مادەی دووەمدا ھەموو جۆرە چاودێریەکی رەتکردوەتەوە و ھاوڵاتی سەربەست کردوە لە بڵاوکردنەوەی ھەر بابەتێک بۆیە ھەر رێنماییەک یان بڕیارێک رێگا بدا بەچاودێری لە ڕووی یاساییەوە پووچەڵە".