"بە بڕیاری دادگا ٨٢٠ سزادراو و ڕاگیراو ئازاد کران"
پەیامی کورد ... دوای بڵاوبوونەوەی مەترسییەکانی کۆرۆنا لە ھەرێمی کوردستان بڕیار درا بە ئازادکرنی ڕاگیراوان و سزادراوان بە مەرج. بەپێی دواین ئاماریش ٨٢٠ کەسی دیکە بە مەرج ئازاد کران.
ڕومیۆ ھەکاری، سەرۆکی لیژنەی کۆمەڵایەتی و مافی مرۆڤی پەرلەمانی کوردستان، ڕایگەیاند: "ئازادکردنی ئەو ڕاگیراوانە بە بڕیاری دادگا و بەپێی یاسا بووە، ئەویش بە لەبەرچاوگرتنی ڕەوشی ئێستای ھەرێمی کوردستان و ناوچەکە، چونکە خوانەخواستە ڤایرۆسێک بگاتە ئەو چاکسازیانە کارەسات ڕوو دەدات."
بەپێی ئاماری ئەنجوومەنی دادوەریی ھەرێمی کوردستان، لە سەرەتای مانگی نیسانەوە تا دوێنێ، ١٥٩ کەس لە ھەولێر و ٣٤٨ کەس لە سلێمانی و ٣١٩ کەسیش لە دھۆک بە مەرج تا ڕۆژی دادگاییکردن ئازاد کراون."
ڕومیۆھەکاری دەڵێت: "ئەو ڕاگیراوانەی بە کەفالەت ئازاد دەکرێن، تا ئەو ڕۆژەیە دادگایی دەکرێن و بەپێی یاسا دادوەر دەسەڵاتی ھەیە و بەپێی ماددەکانی یاسا ئازاد دەکرێن، ئێمەش بۆ بەرژەوەندی گشتی، پشتگیریی ھەر بڕیارێکی ئازادکردنیان دەکەین."