بە پێی بڕیارێک کوالێتی نەخۆشخانە گشتییەکان بەرز دەکرێتەوە
پەیامی کورد ... بە پێی بڕیارێک کوالێتی نەخۆشخانە گشتییەکان بەرز دەکرێتەوە
وەزارەتی تەندرووستی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان سەرقاڵی بەرزكردنەوەی كوالێتی نەخۆشخانە گشتییەكانە و ووتەبێژی وەزارەتی تەندرووستی یش دەڵێ، لە ھەموو شارەكان گرینگی زیاتر بە نەخۆشخانەی حكوومی دەدرێت بۆ چارەسەری تووشبووانی ڤیرووسی كۆرۆنا.
د. محەمەد قادر، ووتەبێژی وەزارەتی تەندرووستی رایگەیاند: "نزیكەی ٢٠ نەخۆشخانە لە ھەرێمی كوردستان تایبەت كراون بە چارەسەركردنی تووشبووانی ڤیرووسی كۆرۆنا و بەشێك لەو نەخۆشخانانەش لەلایەن خێرخوازانەوە درووست كراون و ژمارەیەكیش نەخۆشخانەی حكوومەتن، بەڵام ئێستا وەزارەت بڕیاری داوە نەخۆشخانەی نوێ دروست نەكرێت، چوونكە كاتی پێویستە بۆ دروستكردنی نەخۆشخانە نییە، بەڵكو بڕیار دراوە كوالێتی نەخۆشخانەكانی حكوومەت بەرز بكرێتەوە".
ووتەبێژی وەزارەتی تەندرووستی دەشڵێت: "ئێمە لە ھەموو پارێزگاكان نەخۆشخانەی حكوومیمان ھەن كە بۆ چارەسەری كۆرۆنا بەكار دێن و پلانی وەزارەتیش ئەوەیە كوالێتی نەخۆشخانەكانی حكوومەت باشتر بكرێت و ئەو خەرجییەی لە نەخۆشخانەی نوێ خەرج دەكرێت، كوالێتی نەخۆشخانەكانی ئێستای پێ بەرز بكرێتەوە".
لەبارەی كەمیی ئامێری ھەناسەدانی دەستكرد، د. محەمەد جەختی كردەوە: "ھەرێمی كوردستان كێشەی ئامێری ھەناسەدانی دەستكردی نییە، لەبەر ئەوەی پێشتر لە ھەرێمی كوردستان تەنیا ٧٠ ئامێری ھەناسەدانی دەستكرد ھەبوو، كەچی لە ئێستادا زیاتر لە ٢٠٠ ئامێری دەستكرد ھەیە، كێشە لەوەدایە ئێمە خەڵكی پسپۆڕمان نییە بۆ بەكارھێنانی، لە ھەموو جیھانیش ئەو كێشەیە ھەیە و كەسانی شارەزا لە بواری بەكارھێنانی ئامێری ھەناسەدانی دەستكرد زۆر نین".