بە هۆی بڵاوبوونەوەی ئەنفلۆنزای باڵندە وەزارەتی کشتووکاڵ لێژنەیەکی تایبەت بۆ گرتنەبەری ڕێکاری پێویست پێکهێنا
پەیامی کورد ... بە هۆی بڵاوبوونەوەی ئەنفلۆنزای باڵندە وەزارەتی کشتووکاڵ لێژنەیەکی تایبەت بۆ گرتنەبەری ڕێکاری پێویست پێکهێنا
ووتەبێژی وەزارەتی كشتوكاڵی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان رایگەیاند، بە ھۆی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی ئەنفلۆنزای باڵندە لە عێراق، ئەمڕۆ وەزارەتی كشتوكاڵ لەگەڵ لیژنەی تایبەت بە ئەنفلۆنزای باڵندە كۆدەبێتەوە و ھەرچ رێكارێك پێویستە بۆ رێگریكردن لەو نەخۆشییە، دەگیرێتە بەر.
حسێن حەمە كەریم، ووتەبێژی وەزارەتی كشتوكاڵی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان رایگەیاند : بڕیارە ئەمڕۆ وەزارەتی كشتوكاڵ لەگەڵ لیژنەی ئەنفلۆنزای باڵندە لە ھەرێمی كوردستان كۆ ببێتەوە و تێدا تاووتوێی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی ئەنفلۆنزای باڵندە دەكەن، كە ئێستا لە عێراق بڵاو بووەتەوە.
حەمە كەریم ووتیشی، لەو كۆبوونەوەیەدا تاووتوێی ھەموو رێكارەكان دەكرێت بگیرێنە بەر، بۆ ئەوەی رێگری لە بڵاوبوونەوەی ئەو نەخۆشییە بكرێت.
ناوبراو باسی لەوەش كرد: "ئەوەی جێگەی خۆشحاڵییە، تا ئێستا ھیچ حاڵەتێكی ئەو نەخۆشییە لە ھەرێمی كوردستان تۆمار نەكراوە و ھەرچی پێویست بێت دەیكەین بۆ ئەوەی ئەو پەتایە لە ھەرێم بڵاو نەبێتەوە".