بەهۆی مەترسی داعش گوندی لهێبان بە تەواوەتی چۆڵكرا
پەیامی کورد … بەهۆی مەترسی داعش گوندی لهێبان بە تەواوەتی چۆڵكرا
گوندی لهێبانی سەربە ناحیەی سەرگەڕان لەسنوری پارێزگای كەركوك بەهۆی هەڕەشەی چەكدارانی داعش بەتەواوی چۆڵكرا و دانیشتوانی گوندەكەش جەخت لەوە دەكەنەوە، ناوچەكەیان هیچ هێزێكی ئەمنی لێنییە و بۆ پاراستنیان.
دوای هێرشە یەك لە دوای یەكەكانی رێكخراوی داعش بۆ سەر هێزەكانی پێشمەرگە و هاوڵاتیانی مەدەنی لە ناوچە جێناكۆكەكان، بەپێی زانیاریەكان گوندی لهێبانی سەربە ناحیەی سەرگەڕان كە هیچ هێزێكی ئەمنی لێنییە بە تەواوەتی چۆڵ كراوە.
هاوڵاتیانی گوندەكە بە دەزگاكانی راگەیاندنیان وتووە، گوندەكەیان 15 ماڵە و هیچ هێزێكی ئەمنی لێ نییە بۆ پاراستنیان، چەكدارانی رێكخراوی داعشیش لە ناوچەكەن و دوای ئەوەی زانیویانە ژمارەیەك چەكدار بەرەو گوندەكەیان دەڕۆن، چۆڵیان كردووە.
هەر بەپێی زانیاریەكان، دوای چۆڵكردنی چەكدارانی داعش چوونەتە گوندەكە و ئاگریان تێبەرداوە و دواتر گوندەكەیان جێهێشتووە.
ئەمەش دوای ئەوەدێت، شەوی پێشتر ژمارەیەك چەكداری داعش چونە ئەو گوندە بەڵام خەڵكەكەی رووبەڕوویان بوونەوە و دواتر چەكدارەكان هەڵاتن.