بەپەلە ... کۆبوونەوەی پارتی و یەکیتی لە سلێمانی دەستی پێکرد
پەیامی کورد ... کۆبوونەوەی شاندی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لە بارەگای مەکتەبی سیاسی یەکێتی لە سلێمانی دەستیپێکرد
ئەمڕۆ سێشەممە شاندێکی پارتی گەیشتە بارەگای مەکتەبی سیاسی یەکێتی لە سلێمانی و لە ئێستادا لەگەڵ شاندی یەکێتی لە کۆبوونەوەدان.
شاندی پارتی پێکهاتوە لە کەمال کەرکوکی، کە سەرۆکایەتی شاندەکە دەکات و عەلی عەونی، عەلی حوسێن، فرسەت سۆفی و دڵشاد شەهاب.
شاندی یەکێتیش عیماد ئەحمەد سەرۆکایەتی دەکات و هەریەکە لە رەفعەت عەبدوڵا، عەدنانی حەمەی مینا، لەتیف شێخ عومەر، شاڵاو کۆسرەت رەسوڵ، بافڵ تاڵەبانی و لاهور شێخ جەنگی ئەندامێتی دەکەن.
پێشتر ڕاگەێندرا، شاندی یەکێتی لەکۆبوونەوەیدا لەگەڵ شاندی پارتی، وەرگرتنی پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان رەتدەکاتەوە و لە بەرامبەردا داوا دەکات هەریەکە لە پۆستەکانی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و ناوخۆ و دارایی پێبدرێت.
خەندان زانیویەتی، یەکێتی داوا دەکات سەرۆکی هەرێمی کوردستان دو جێگری بۆ دابنرێت و یەکێک لە جێگرەکان تایبەت بکرێت بە کاروباری پێشمەرگە و بدرێت بە یەکێتی.
لەبارەی داواکاریەکانی یەکێتی سەرچاوەیەکی باڵای پارتی ڕایگەیاند : "پارتی پێناچێت رازیی ببێت بە پێدانی سێ وەزارەتی سیادی بە یەکێتی، بەڵام ئامادەیە لە ئاستی جێگردا سەرجەم جومگەکانی بەڕێوەبردنی لەگەڵدا دابەش بکات". .