بەپەلە ... دۆخی ئەمنی و ئاسایشی کەرکووک مەترسیدارە
بەپرسێكی حزبی ڕای دەگەیەنێت، ئەگەر دۆخی ئەمنیی كەركووك بەم شێوەیەی ئێستا بەردەوام بێت، تیرۆریستانی داعش چەند ناوچەكی سنووری كەركووك داگیر دەكەنەوە.
هێرش جەباری، ئەندامی سەركردایەتیی پارتی لە كەركووك-گەرمیان، دوێنێ سێشەممە 12/6/2018، ڕاگەیاند: "ئەو شوێنانەی كە ئێستا لە دەوروبەری كەركووك تیرۆریستانی داعش بە ئارەزووی خۆیان هاتووچۆی تێدا دەكەن و كردەوەی تیرۆریستی ئەنجام دەدەن، پێش 16ی ئۆكتۆبەری ساڵی ڕابردوو هێزەكانی پێشمەرگەی لێ بووە و ئەوكات پێشمەرگە توانیبووی كۆنترۆڵی ئەو سنوورانەی بكات كە هەر لە سنووری دوبزەوە بیگرە تاكوو سنووری داقووق و خورماتووش".
ئاماژەی بەوەش کرد: "ئێستا حەشدی شەعبی ئەو توانیای نییە لەبەردەم هێرشی تیرۆریستاندا بووەستنەوە، بۆیە ئێستا ئەو تیرۆریستانە دەستیان كردووە بە كوشتن و ڕفاندنی هاووڵاتییان، ئەمەش لاوازیی دەزگا ئەمنییەكانی عێراق نیشان دەدات، بەڵام پێشتر پێشمەرگە ئازایانە و دڵسۆزانە بەرگریی دەكرد و ڕێگەی لە كردەوەی تیرۆریستییەكانی داعش دەگرت".
هێرش جەباری ناوسراو بە مام هێرش كە هاوكات فەرماندەیەكی پێشمەرگەیە، ئەوەشی خستە ڕوو: "داعش ئێستا پتر هاوشێوەی مەفرەزەی پارتیزانی هێرش دەكەن، بەڵام ئێستا ژمارەی تیرۆریستانی داعش لە زیادبوون دان و زیادیشیان كردووە و ڕەنگە لە داهاتوودا ئەگەر دۆخەكە وەك ئێستا بەردەوام بێت، چەند شوێنێك لە دەوروبەری كەركووك داگیر دەكەنەوە".