بەپەلە ... هێزی پێشمەرگەی یەکیتی ڕاگەیندراوێک بڵاو دەکاتەوە
فەرماندەیی هێزەکانی ٧٠ ی پێشمەرگەی یەکیتی لە بەیاننامەیەکدا سەبارەت بە سووتاندن و لە ناو بردنی دەنگەکانی پێشمەرگە و دژە تیرۆر و ئاسایش و پۆلیس ڕایگەیاند : ئەمە یاری کردنە بە دەنگ و هەیبەتی پێشمەرگە ، یاری کردنە بە ئاگر کە زۆڵە کورد و قین لە دڵانی پێ دەسووتێت ، هەروەها لە بەیاننامەکەدا هاتووە بێ رێزی کردن بەرامبەر دەنگی پێشمەرگە و هێزەکانی ناوخۆی هەرێمی کوردستان بێ رێزی کردنە بەرامبەر خەبات و گیانبازی سەدان هەزار شەهید و هاوسەنگەرەکانیان ، ئەم هەنگاوەش یاریکردنە بە ئاگرێک کە لە ئەنجامدا پیلان و بەختی ئاژاوەگیڕان و زۆڵە کوردانی تێدا دەسووتێنێت و لە ئەنجامدا نە جەماوەری کوردستان لە خۆفرۆشان خۆشدەبێت و نە دوژمنانی گەلەکەمان بێ پاداشت دەبن .
هەر لە ڕاگەیندراوەکەدا هاتووە ڕۆژی ٦ی حۆزەیرانی ٢٠١٨ ڕۆژێکی پڕ شەرمەزارییە بۆ ئەوانەی لە ناو حەرەمی پەرلەمانی عێراقدا پیلانی پووچەڵکردنەوەی دەنگی تایبەتی کوردستانیان ڕاگەیاند ، ئەو دەنگانەی کە دەنگی دلێری هێزی پێشمەرگە و دژە تیرۆر و هێزەکانی پۆلیسی ناوخۆن ، دەنگی ئەوانەن کە سەرچاوەی پاراستنی گەلی کوردستان و دابینکردنی ئارامی هەرێمی کوردستانن .
دەقی ڕاگەیندراوەکەی فەرماندەیی هێزەکانی ٧٠ ی پێشمەرگە ئەمەیە :
هەر وا کە لە لای هەموو لایەک ئاشکرایە کە هێزی پێشمەرگەی کوردستان هەڵگیرسێنەری شۆڕشی گەلی کوردستانە و داینەمۆی بەردەوامی خەبات و بەرخۆدان بووە بە درێژایی مێژووی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلی کوردستان .
هەر لە سەر دەستی ئەم هێزە دا داگیرکەر لە بەشێکی کوردستان وەدەرنرا و توانرا حکومەتی هەرێمی کوردستان دابمەزرێت ، هەر ئەم هێزەش پارێزەری ئەم ئەزموونە و کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بووە لە بەرامبەر هەڕەشەی دوژمنان و پەلاماری تیرۆریستان .
لە کاتی سەرهەڵدانی تیرۆریستانی داعش و پەلامارەکانیان بۆ سەر کوردستان هەر زوو هێزی پێشمەرگە بووە قەڵغانی پاراستنی خەڵک و خاکی کوردستان لە تیرۆریستانی داعش و ئازاد کردنەوەی ئەو ناوچە جێناکۆکانەی کە سوپای عێراق چۆلیکردبوو کەوتبووە ژێر کۆنترۆڵی تیرۆریستانی داعش هەر لە زوممارەوە تا نەفتخانە ، لەو پێناوەشدا هەزاران فەرماندە و پێشمەرگەی قارەمان شەهید بوون .
هەموو دونیا شاهێدی ڕٶڵی جوامێرانەی هێزی پێشمەرگەن لە شکاندنی ئەفسانەی داعش و پاراستنی هەموو پێکهاتەکانی ناوچە جێناکۆکەکان بە هەماهەنگی لەگەڵ هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ و دژە تیرۆر کەشێکی ئارام و سەقامگیریان بۆ دانیشتوانی ئەو ناوچانە و تەواوی هەرێمی کوردستان ڕەخساندووە .
جەماوەری بە شەرەدی کوردستان ...
هێزی پێشمەرگەی کوردستان و هێزەکانی دژە تیرور و ناوخۆ بە هەموو بەش و جۆرەکانییەوە ، هێزێکی کاریگەرن بۆ چەسپاندنی یاسا و دەستوور لە هەرێمی کوردستان ، لە بەرامبەریشدا چاوەڕوانی هیچ پاداشت و سوپاسێک نییە بەڵام هەرگیز چاوەذێ نەبووین کە گرووپ و کەسانێک هەبن هەوڵی پاراوێز خستن و بێ ڕێزی نواندن بن بەرامبەر بە هێزی پێشمەرگە و بەرژەوەندییە باڵاکانی گەلەکەمان .
ڕۆژی ٦ی حۆزەیرانی ٢٠١٨ ڕۆژێکی پڕ شەرمەزارییە بۆ ئەوانەی لە ناو حەرەمی پەرلەمانی عێراقدا پیلانی پووچەڵکردنەوەی دەنگی تایبەتی کوردستانیان ڕاگەیاند ، ئەو دەنگانەی کە دەنگی دلێری هێزی پێشمەرگە و دژە تیرۆر و هێزەکانی پۆلیسی ناوخۆن ، دەنگی ئەوانەن کە سەرچاوەی پاراستنی گەلی کوردستان و دابینکردنی ئارامی هەرێمی کوردستانن .
ئێمە لە کاتێکدا ملکەجی هەموو بڕیارێکی دەستووری و یاسایین کە بە یەکسانی لە خزمەتی هەموو پێکهاتەکانی گەل و نیشتماندا بێت لە هەمانکاتدا هەر بڕیار و پیلانێک ڕەتدەکەینەوە کە دەنگی دەیان هەزار ڕۆڵەی تێکۆشەر و نیشتمانپەروەری ئەم کوردستانە بێ مۆروەتانە پووچەڵ بکاتەوە و بکرێتە ئەجندای قین لە دڵان و ناحەزانی هێزی پێشمەرگە و پۆلیسی کوردستانەوە .
بێ ڕێزیکردن بەرامبەر دەنگی پێسمەرگە و هێزەکانی ناوخۆی هەرێمی کوردستان بێ ڕێزی کردنە بەرامبەر خەبات و گیانبازی سەدان هەزار شەهید و هاوسەنگەرەکاانیان ، ئەم هەنگاوەش یاریکردنە بە ئاگرێک کە لە ئەنجامدا پیلان و بەختی ئاژاوەگێڕان و زۆڵە کوردانی تێدا دەسووتێت و نە جەماوەری کوردستان لە خۆفرۆشان خۆشدەبیت و نە دوژمنانی گەلەکەمان پاداشتیان دەداتەوە .