بەپەلە ... نووری مالکی : مەسعوود بارزانی هەڵوێستی دەربارەی " ڕێفراندۆم و سەربەخۆیی کوردستان " نەگۆڕاوە و لە سەری پێداگرە
سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا ئاشکرای کرد کە لەگەڵ سەرۆک بارزانی گفتوگۆی لەبارەی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستانەوە کردووە و نەیشاردەوە کە ”بارزانی سوورە لەسەر ئەنجامەکانی ڕیفراندۆم“.
نووری مالیکی لە گفتوگۆیەکی تەلەڤزیۆنیدا لەگەڵ کەناڵی فەرمی ئێران، باسی لەوە کردووە کە عێراق بەھۆی ناسەقامگیریی سیاسی و ململانێی نێوان لایەنە سیاسییەکانەوە دەناڵێنێ، ھیچ ڕێککەوتنێکی سیاسیش لە نێوان گرووپ و لایەنەکان نییە و سەقامگیریی ئەمنی، ئابووری و کۆمەڵایەتییش لە عێراق بەدی نەهاتووە.
سەرۆک وەزیرانی پێشووتری عێراق هەروەها سەبارەت بە سەردانەکەی ئەم دواییانەی سەرۆک بارزانی بۆ بەغدا و دیداری نێوانیان نەیشاردووەتەوە: "بارزانی ھێشتا لەسەر ھەڵوێستەکانی دەربارەی ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی ھەرێمی کوردستان سوورە و ھیچ پاشەکشەی نەکردووە و ھەمان بڕیار کە پێشتر دراوە ، لەسەری پێداگر و سوورن ".
ڕاشیگەیاندووە: "ئەم قسەیە ڕاستە کە عێراق پێویستی بە ھەرێمی کوردستانە و هەروەها پێچەوانەکەشی ڕاستە. مەیل و ویستی ھەرێمی کوردستان بۆ گەڕانەوە بۆ بەغدا و ڕێککەوتن و ھاوکاری لەگەڵ حکوومەتی نوێ لە ئارا دایە، ھەرچەند لەبارەی پاشەکشە و وازھێنان لە ئەنجامی ڕیفراندۆم قسەیەک نەکراوە و ئەوان وازیان لە ڕێڕەو و ئامانجەکانی ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆیی ھەرێمی کوردستان نەھێناوە".