TR KU SO
FB X
Kurdistan

بەپەلە و ئاگاداری بۆ هەموو لایەنەکان ... سوپای پاسداران بە مووشەک و چەکی قورسەوە بەرەو سنوورەکانی ڕۆژهەڵات و باشووری کوردستان بەڕێکەوتوون

سارا
Yazar
📅 10 Eylül 2018 19:50

بە پێی هەواڵێک کە هەر ئێستا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە شاری مەریوانەوە پێیان ڕاگەیاندووین، هێزێکی گەورەی ڕژیمی ئیسلامی ئێران بە مووشەک و چەکی قورسەوە بەرەو کێوەکانی سوورێن کە کەوتووەتە سنووری نێوان کوردستانی ڕۆژهەڵات و کوردستانی باشوور، بەڕێکەوتوون.

ئەم هێزە کە لە ٧ ئۆتۆمبێلی هێزی چەکداری سوپای پاسداران، دوو ترێلی و جەرەسەقیلێکی گەورە پێکهاتووە، گەورەدێی نێ و گوندی سیاناوی سەر بە شاری مەریوانیان تێپەڕاندووە و لە کێوەکانی سوورێن نزیک بوونەتەوە.

سەرچاوەکە ئەمەشی پشتڕاست کردوەتەوە کە ترێلییەکان هەڵگری موشەکن و بۆ ئامانجێکی دیاریکراو بەرەو ئەم ناوچانە دەبردرێن.

هاوکات، هەواڵەکان باس لەوە دەکەن: کە ڕۆژی ڕابردوو، هێزێکی دیکەی سوپای پاسداران لە ناوچەی شنۆ بەرەو خاکی کوردستانی باشوور هاتوون و سنوورەکانی بەزاندووە.

جوڵاندنی ئەم هێزە بەرەو سنوورەکانی نێوان کوردستانی ڕۆژهەڵات و باشوور لە حاڵێکدایە کە ڕۆژی شەممە، ١٧ی خەرمانان، بنکەکانی هەر دوو باڵی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران بوونە ئامانجی مووشەکەکانی کۆماری ئیسلامی و لە ئاکامدا ١٧ پێشمەرگە شەهید و زیاتر لە ٤٠ پێشمەرگەش برینداربوون، و هاوکات مەترسی هێرش بۆ سەر بنکە و بارەگاکانی حزبەکانی تری کوردستانی ڕۆژهەڵاتیش کە لە هەرێمی کوردستان جێگیرن، هەست پێکراوە.

Paylas: