بەپەلە ... ئەگەری لە سێدارەدانی ڕامین حسێن پەناهی و ١١ کەسی دیکە لە حەفتەی داهاتوودا لە ئارادایە
ڕامین حسێن پەناهی، بەندکراوی سیاسی کورد کە چەند ڕۆژ پێش بە شێوەیەکی نهێنی بۆ بەندیخانەی ڕەجایی شاری کەرەج گوازراوەتەەوە، لە پەیوەندییەکی تەلەفوونیدا لەگەل بنەماڵەکەی باسی ئەوەی کردووە کە ئەگەری جێبەجێ کردنی حوکمەکەی لە ڕۆژانی داهاتوودا ، لەئارادایە.
بە پێی هەواڵێک کە لاپەڕەی فەیسبووکی ” کەمپەینی ڕزگار کردنی ڕامین حسێن پەناهی“ بڵاو کراوەتەوە: ”ڕامین حسێن پەناهی لە ڕێگای تەلەفوونەوە پەیوەندی بە بنەماڵەکەی کردووە و ڕایگەیاندووە کە منیان بە مەبەستی جێبەجێ کردنی حوکمەکەم گواستووەتەوە بۆ بەندیخانەی ڕەجایی شاری کەرەج و پێمیان ڕاگەیاندووە کە حوکمەکەت بە زوویی جێبەجی دەکرێت.
ئەمەش لە حاڵێکدایە کە بەرپرسانی بەندیخانەی سنە شەوی " ١١ی ئۆگۆستی ٢٠١٨ " ، ڕامین حسێن پەناهی ، بەندکراوی سیاسی مەحکووم بە سێدارەیان بە شێوەیەکی نهێنی بۆ بەندیخانەی ڕەجایی شاری کەرەج گواستەوە.
لەلایەکی دیکەشوە ، شەوی ڕابردوو ئەمجەد حسێن پەناهی ، برای ڕامین هەر لەو بارەوە ڕایگەیاندووە کە ” بڕیار وایە ١٢ بەندکراو کە حوکمی سێدارەیان هەیە بۆ بەندیخانەی ڕەجایی شاری کەرەج بگوازرێنەوە کە هەتا ئێستا ڕامین و سێ کەسی دیکە گوازراونەتەوە و ئەگەری زۆرە هەتا سبەی ئێوارە ئەوانی دیکەش بگوازرێنەوە و لەو حاڵەدا ئەگەری زۆری هەیە کە حەفتەی داهاتوو ئەو ١٢ کەسە لە سێدارە بدرێن.