بەپەلە ... ٦ پێشمەرگەی "حدکا " شەهید و ٢ی دیکەش لە لایەن سوپای پاسدارانەوە لە سێدارە دران
حزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە بڵاوکردنەوەی ڕاگەیندراوێک ڕایگەیاند کە دوو پێشمەرگەی ئەو حزبە دوای بە دیل گرتنیان لەلایەن سوپای پاسدارانەوە لە سێدارە دراون.
بە پێی ڕاگەیندراوێک کە فەرماندەیی هێزی پێشمەرگەی کوردستانەوە ڕۆژی یەکشەممە " ٩ی سێپتەمبەر ٢٠١٨ " بڵاوی کردووەتەوە، دوو پێشمەرگەی ئەو حزبە دوای ئەوەی بە برینداری لەلایەن سوپای پاسدارانەوە بە دیل گیران ، لە سێدارە دراون.
ناسنامەی ئەو دوو پێشـمەرگەیە کە هەردووکیان خەڵکی مەهاباد بوون، ئەحمەد شەباب و ناسر عەزیزی ڕاگەیندراوە.
بەرپرسێکی سەربازی حدکا لەوبارەوە ڕایگەیاندووە ” ئەو دوو پیشمەرگەیە لە ڕۆژانی ڕابردوودا و لە حاڵێکدا کە بریندار ببوون، لەلایەن سوپای پاسداران لە ئورمیە شەهید کراون“.
بەرەبەیانی ڕۆژی شەممە " ٨ی سێپتەمبەر ٢٠١٨ " ، لەبەرزاییەکانی کێلەشین لەنێوان هێزی پێشمەرگەی دیموکرات و سوپای پاسداران تێکهەڵچوونێکی چەکدارانە هاتە ئاراوە کە لە ئاکامی ئەو تێکهەڵچوونەدا ٦ پێشمەرگە گیانیان لە دەست دا و ئەم دوو پێشـمەرگەیەش بە برینداری بە دیل گیرابوون.
هەروەها لە ئاکامی ئەو تێکهەڵچوونەدا ١٢ پاسدار کوژران.